وه‌زیری ناوخۆ: 5 هه‌زار ئاواره گه‌یشتوونه‌ته هه‌رێمی كوردستان
K24 - هه‌ولێر:
رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا رایگه‌یاند، كه له‌لایه‌ن مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه راسپێردراون، به باشترین شێوه ئاماده‌كاری بۆ پێشوازیكردن له ئاواره و په‌نابه‌ری نوێ بكه‌ن.
رێبه‌ر ئه‌حمه‌د راشیگه‌یاند، سه‌رۆك وه‌زیران وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كانی راسپاردووه بۆ ئه‌م كاره و هه‌رێمی كوردستانیش ئاماده‌یه خه‌ڵكی بێده‌ره‌تان له كامپه‌كان جێبكاته‌وه.
رێبه‌ر ئه‌حمه‌د له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا باسی له‌وه‌شكرد، وه‌كو لێژنه‌ی باڵای وه‌زاری له حكوومه‌تی هه‌رێم، له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی سه‌رجه‌م رێخراوه‌كانی تایبه‌ت به په‌نابه‌رانی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عێراق و هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌ته‌وه و تێیدا پرسی ئاواره و په‌نابه‌ران تاووتوێ كرا.
هاوكات باس له ره‌وشی ئه‌و ئاوارانه كرا كه ئێستا له كامپه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمیش ده‌ژین.
ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد كه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، هاوكارییه داراییه‌كانی بۆ په‌نابه‌ران كه‌مكردووه‌ته‌وه، به تایبه‌تیش له رووی تێچووی مامۆستا و قوتابخانه‌كانی ناو كامپی ئاواره‌كان.
وه‌زیری ناوخۆ به پێویستیشی ده‌زانێت حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان عێراق هانبده‌ن كارێكی جددی له‌سه‌ر ئه‌و پرسه بكات.
دووپاتی له‌وه‌ش كرده‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ره‌وشی دارایی حكوومه‌تی هه‌رێم به گوێره‌ی پێویست نییه، به‌ڵام ئاماده‌ن ئاواره و په‌نابه‌ری نوێ وه‌ربگرن و داواشی له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و عێراقیش كرد، هاوكاری مرۆیی و دارایی زیاتری هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.
ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، كه رۆژانه چه‌ند سه‌د كه‌سێك ئاواره و په‌نابه‌ری نوێ له رۆژئاوای كوردستان (باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریاوه) دێنه ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان و تا ئیستاش ژماره‌یان گه‌یشتووه‌ته 5 هه‌زار ئاواره و په‌نابه‌ر.
لای خۆیه‌وه مارتا ریوداس، رێكخه‌ری باڵای نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری مرۆیی له عێراق، له‌و كۆنگره رۆژنامه‌وانییه هاوبه‌شه‌دا رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بۆ كاركردن له‌سه‌ر پرسه مرۆییه‌كان مێژووییه‌كی باشیان هه‌یه.
روونیشی كرده‌وه، له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا، پرسی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی مه‌له‌فی په‌نابه‌ران و ئاواره‌ی نوێ تاووتوێ كرا، كه ره‌نگه به‌هۆی بارودۆخی خراپی سووریا روو له هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.
هاوكات سوپاسی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش كرد، كه له رابردوودا ژماره‌یه‌كی زۆری په‌نابه‌رانی له كامپه‌كانی هه‌رێمی كوردستان حه‌واندووه‌ته‌وه.