میدیاكانی جیهان چاویان له‌سه‌ر پوتینه
K24 - هه‌ولێر:
له‌و كاته‌وه‌ی ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكی رووسیا ده‌سه‌ڵاتی گرتووه‌ته ده‌ست، ساڵانه كۆڕێكی فراوانی رۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ زیاتر له هه‌زار رۆژنامه‌نووس له سه‌رانسه‌ری جیهان ساز ده‌كات و راسته‌وخۆ وه‌ڵامی پرسیاری میدیاكان ده‌داته‌وه.
له ساڵانی رابردوودا پوتین كۆنگره فراوانه رۆژنامه‌وانییه‌كانی له پێنجشه‌ممه‌كانی ناوه‌ڕاستی مانگی دیسه‌مبه‌ر سازكردووه كه رووسه‌كان به "مانگی قه‌ره‌باڵغی" ناوی ده‌به‌ن، له‌و مانگه‌دا بازاڕ و شه‌قامه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان و وێستگه‌كانی شه‌مه‌نده‌فه‌ر و شه‌قامه‌كان به‌بۆنه‌ی ئاماده‌كاریی ئاهه‌نگه‌كانی سه‌ری ساڵی نوێ-وه زۆر قه‌ره‌باڵغ ده‌بن و چاوه‌ڕوان ده‌بن تا كاتژمێره‌كه‌ی كرملین زه‌نگی ساڵی نوێ لێ ده‌دات و ڤلادیمێر پوتین سه‌رۆكی رووسیاش قسه بۆ رووسه‌كان ده‌كات و هیواكانیان بۆ ساڵێكی نوێی ده‌خه‌نه‌وه روو.
هیچ كاتێك پوتین ئه‌و كۆنگره رۆژنامه‌وانییه فراوانه‌ی دوانه‌خستووه، ته‌نها ساڵی رابردوو نه‌بێت رۆژێك پاشتر ئه‌نجامیدا، چونكه له‌و رۆژه‌ی ده‌بوو بكرێت، به‌شداریی له رێوڕه‌سمی به‌خاكسپاردنی "ئه‌ندریه كارلۆڤ" باڵیۆزی رووسیا له توركیا كرد كه له ئه‌نقه‌ره كوژرابوو.
هه‌ر چه‌نده ساڵی رابردوو رۆژه‌كه گۆڕا، به‌ڵام ژماره‌ی ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی به‌شداریی ئه‌و كۆنگره میدیاییه گه‌وره‌یان كرد گه‌یشته 1437 كه‌س، به‌ڵام جگه له 48 كه‌سیان، كه له ماوه‌ی 3 كاتژمێر و په‌نجا خوله‌كی كۆنگره‌كه‌دا پرسیاریان له سه‌رۆكی رووسیا كرد و پرساری سیاسی و گشتی و ته‌نانه‌ت تایبه‌تیشیان كرد، ئه‌وانی دیكه ته‌نها زانیارییه‌كانی ناو كۆنگره‌كه‌یان ده‌گواسته‌وه.
یه‌كێك له‌و 48 كه‌سه‌ی ساڵی رابردوو به‌شداری كرد و پرسیاری له سه‌رۆكی رووسیا كرد، خۆشه‌وی محه‌مه‌د، به‌رپرسی نووسینگه‌ی رووسیای كوردستان 24 بوو، ئه‌و به جلوبه‌رگی كوردی و جه‌مه‌دانییه‌وه چوبووه ناو حه‌شامه‌تی هه‌زاران رۆژنامه‌نووسی جیهانی، جلوبه‌رگ و جه‌مه‌دانییه‌كه‌ی خۆشه‌وی سه‌رنجی سه‌رۆكی رووسیای راكێشابوو، ئه‌و كاته‌ی سه‌دان رۆژنامه‌نووس ده‌ستیان بڵند كردبوو تا پرسیار له پوتین بكه‌ن، به‌ڵام پوتین گووتی: "لێگه‌ڕێن با ئه‌و گه‌نجه پرسیاره‌كه‌ی خۆی بكات".
پرسیاری په‌یامنێره‌كه‌ی كوردستان 24، كه له باره‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستانه‌وه بوو، ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری له میدیای رووسیا لێكه‌وتووه‌ته‌وه، به‌تایبه‌تیش دوای ئه‌وه‌ی ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا، په‌سنی رۆڵی كوردی له شه‌ڕی دژی داعش كرد و رایگه‌یاند، كورد رۆڵێكی كاریگه‌ری هه‌یه له‌و شه‌ڕه‌دا.
دوای ئه‌و قسانه‌ی پوتین، به‌شێكی زۆر له ئاژانس و میدیاكانی ئه‌و وڵاته، گرنگیان به‌و قسانه‌ی سه‌رۆكی رووسیادا و له‌گه‌ڵ وێنه و ڤیدیۆی په‌یامنێری كوردستان 24، بڵاوده‌كرده‌وه.
ئاژانسی هه‌واڵی تاسی رووسی، له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی پرسیاره‌كانی په‌یامنێری كوردستان 24، نووسیویه‌تی: "ڤلادیمێر پوتین به‌جلوبه‌رگی كوردی سه‌رسامه".
وێبسایتی رووسیه‌لیه‌وم-ی رووسی، كه به‌عه‌ره‌بی په‌خشده‌كرێت، ڤیدیۆكه‌ی له‌ژێر ناوونیشانی "پوتن به جلی كلاسیكی كوردی سه‌رسامه" بڵاوكردووه‌ته‌وه.
رووسیه‌لیه‌وم نووسیی: "سه‌رۆك پوتین به جله‌كانی په‌یامنێره كورده‌كه سه‌رسام بووه. له‌كاتی به‌ڕێوه‌چوونی كۆنگره‌ی ساڵانه‌دا، پوتین به دیمیتری پیسكۆف، گوته‌بێژی كۆشكی كریملینی گوتووه: با ئه‌و گه‌نجه رێكپۆشه قسه بكات، ناكرێ چاوپۆشی لێبكه‌ین".
ئه‌مساڵیش كوردستان 24 بانگهێشتی كۆنگره فراوانه‌كه‌ی پوتین كراوه‌و له ریزبه‌ندی پێشه‌وه‌ی میدیاكاندایه، به‌ڵام دیارنییه ئه‌مساڵ له‌ناو ئه‌و ژماره زۆره‌دا خۆشه‌وی محه‌مه‌د ده‌رفه‌تی بۆ هه‌ڵده‌كه‌وێته‌وه پرسیاری دیكه له سه‌رۆكی رووسیا بكات یان ناو هه‌رچه‌نده هه‌موو هه‌وڵی خۆی ده‌دات.
درێژترین كۆنگره‌ی پۆتین ساڵی 2008 بوو، ئه‌وكاته له 14/2/2008 بوو، پرسیار و وه‌ڵامی رۆژنامه‌نووسان و پوتین 4 كاتژمێر و 40 خوله‌ك درێژه‌یكێشا و وه‌ڵامی 106 پرسیاری دایه‌وه.
دووه‌م درێژترین كۆنگره‌یشیان مانگی دیسه‌مبه‌ری ساڵی 2012 بوو، 4 كاتژمێر و 33 خوله‌كی خایاند و سه‌یرترین پرسیا له‌و كۆنگره‌یه‌دا له پوتین كرا. ته‌نانه‌ت یه‌كێك له رۆژنامه‌نووسه‌كان پرسیاری رۆژی قیامه‌تی له پوتین كرد.
پوتین یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی فراوانی له 18/7/2001 سازكرد، ئه‌وكاته‌ی رایگه‌یاند كه رووسیا چووه‌ته ریزی حه‌وت وڵاته گه‌وره پیشه‌سازییه‌كه‌ی جیهانه‌وه، كه پاش ئه‌وه گرووپه‌كه گۆڕا بۆ G8. له‌و كۆنگره‌یه‌دا 400 رۆژنامه‌نووس ئاماده‌بوون و ته‌نها 22 پرسیاریان له‌لایه‌ن سه‌رۆكی رووسیاوه وه‌ڵامدرایه‌وه.
كۆنگره فراوانه‌كه‌ی ئه‌مساڵی پوتین، بڕیاره ئه‌مڕۆ كاتژمێر 12 به كاتی مۆسكۆ به‌ڕێوه‌بچێت، زۆربه‌ی چاودێران پێیانوایه له‌م كۆنگره میدیاییه فراوانه‌دا، پوتین خواستی خۆی بۆ خۆكاندیدكردنه‌وه بۆ ویلایه‌تێكی نوێ راده‌گه‌یه‌نێت، یان پرسیاری له‌سه‌ر ئه‌وه لێ ده‌كرێت، ئایا به‌نیازه خۆی كاندید بكاته‌وه؟.