سەرۆكی رووسیا رێز له‌ ئافره‌تێكى خۆبه‌خشى كورد ده‌گرێت

ژمارەیەك خۆبەخش لە 120 وڵات بانگێشت كران
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

ئافرەتێکی ھەرێمی کوردستان وەك کەسایەتیەکی خۆبەخش لەگەڵ 15ھەزار خۆبەخشی دیكە لە 120 وڵاتەوە بانگێشتی رووسیا دەکرێن و لەلایەن ڤلادیمێر پوتینی سەرۆكی رووسیاوە رێزیان لێدەنرێت لەپای ئەو خزمەتەی کە بەمرۆڤایەتی دەکەن.

لەنیا ئاواتی زۆرە بۆ ژیان تا بتوانێ بەشێوازی نوێ خزمەت بە ھاووڵاتیانی کوردستان بکات.ھەموو ئەوانەی کاری خۆبەخشی دەکەن، تەنیا یەك ئامانج کۆیان دەکاتەوە، ئەویش خزمەته‌ بە مرۆڤایەتی.

لەنیا خانمێکی تەمەن 32 ساڵە، چەند ساڵێكە وەك چالاكوانێكی کاری خۆبەخشی دەكات، لە پێناو خزمەتكردن بە کۆمەڵگە، جوڵە و توانا بەردەوامەکانی بۆ کاری خۆبەخشی، لەنیای گەیاندە رووسیا.

لەنیا جەمال، بە كوردستان24 گوت: "وەك كوردێك بەشداریم لە رێوڕەسمی وەرگرتنی رێزلێنانى سەرۆكی رووسیا كرد، لەبەرامبەر ئەو كارو چالاكیانەی كە وەك خۆبەخشێك لەبواری رێكخراوەیی و كۆمەڵایەتی ئەنجامم داون".

سەرەتای جموجوڵەکانی ئەو خانمە بۆ کاری خۆبەخشی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە دەست پێکرد، دوای ئەو ئەزموونەشی کە بە دەستی دێنێت، له‌ هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ درێژەی پێدەدات.

ئەو خانمە كوردە سەرباری نیگەرانییەکانی لەو بەربەستانەی کە دێنە پێشی، لەھەمانکاتدا ئاواتی زۆرە تا پێیان بگات و بتوانێ خزمەتی ھاوڵاتیانی کوردستانی پێ بکات.

لەنیا بە وتەی خۆی یەکەمین ئافرەتی ھەرێمی کوردستانە، کە بڕوانامەی ماستەری لە زمانی جەستە ھەیە و دامەزرێنەری ئەکادیمیای زمانی جەستەیە، ئەو خولیاو خەونی زۆری بۆ کاری خۆبەشی هه‌یە و دەیەوێت بەردەوام بێت لە كار و چالاكییەكانی و برەویان پێبدات.

ھ.م