به‌غدادی عه‌با و عه‌مامه‌كه‌ی فڕێ
K24 - هه‌ولێر:
پیاوه مه‌ترسیداره‌كه مێزه‌ر و كه‌وا ئیسلامییه‌كه‌ی فڕیداوه، به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی سەرچاوەیەكی ھەواڵگریی عێراقی، ئه‌بو به‌كر به‌غدادی، رێبه‌ری داعش، زیندووە و تا ئێستا لە سووریایە و به پانتۆڵ و جلوبه‌رگی ئه‌م سه‌رده‌مه‌وه، له ناوچه سنوورییه‌كانی نێوان عێراق و سووریا هاتووچۆ ده‌كات.
سەرچاوەیەكی ھەواڵگریی عێراقی بە میدیاكانی رووسیای گوتووه: "تا ئێستا ئەبوبەكر بەغدادی، رێبه‌ری داعش، زیندووە و لە سووریایە. نەخشەی جوڵانەوەكانیشی لەلای ھەوڵگریی عێراقی و ئەمریكاییەكان ئاشكرایە، بەڵام بەردەوام لە جوڵە دایە و شوێنه‌كه‌ی ده‌گۆڕێ".
ئەم زانیارییانه لە كاتێكدان كه هێرشی سه‌ر دوا مۆڵگه‌ی داعش له سووریا چڕبوۆته‌وه و چه‌كدارانی رێكخراوه توندڕه‌وه‌كه ته‌نها چه‌ند كیلۆمه‌ترێكیان به ده‌سته‌وه ماوه. له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردووش‌دا چه‌ند هه‌واڵ و زانیاری له‌سه‌ر خودی رێبه‌ره‌كه‌ی داعش بڵاوكراونه‌ته‌وه، به‌ڵام ھێشتا هیچ زانیارییه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه له‌باره‌ی چاره‌نووسی به‌غدادی رانه‌گه‌یێنراوه.