فیفا ئابڵوقەی یارییە نێودەوڵەتییەکانی لەسەر هەولێر هەڵگرت

لەمەودوا هەولێر دەتوانێت میوانداریی یارییە نێودەوڵەتییەکان بکات

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی بەفەرمی گەمارۆی سەر یاریگەی شەهید فڕەنسۆ هەریری لە هەولێر هەڵگرت و لەمەودوا دەتوانرێت یارییە نێودەووڵەتییەکان لەم یاریگەیە ئەنجام بدرێت.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان کە بە فیفا ناسراوە لە کۆلۆمبیا کۆبووەوە و رەزامەندی لەسەر هەڵگرتنی گەمارۆی سەر یاریگەکانی کەربەلا و بەسرە و هەولێر دا، بەڵام فیفا بەهۆی باری ئەمنی رەتیکردەوە لە ئێستادا رێگە بدات یارییە نێودەوڵەتییەکان لە بەغدای پایتەختی عێراق بکرێن.
هەڵگیرانی ئابڵوقەکە بەو مەرجەیە فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان رەزامەندی لەسەر ئەم بڕیارەی فیفا بدات، کە بەپێی ئەم بڕیارە لەمەودوا هەولێر دەتوانێت پێشوازیی لە یارییە نێودەوڵەتییەکان بکات.

بەهۆی شەڕی داعش و شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی عێراق، لەوەتەی 2013وە هیچ یارییەکی نێودەوڵەتی لە یاریگەکانی عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی نەدەکران.