پێنج سه‌ركرده‌ی دیاری عێراق ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی تاووتوێ ده‌كه‌ن

قۆناخی دوای هه‌ڵبژاردن تاووتوێده‌كه‌ن

K24 - هه‌ولێر:

دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامی به‌رایی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، كه‌ له‌ 12 ئایار به‌ڕێوه‌چوو، پێنج سه‌ركرده‌ی دیاری عێراق، له‌ رێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی تاووتوێ ده‌كه‌ن.

به‌ گوێره‌ی وێبسایتی فه‌رمی سه‌رۆك "مه‌سعود بارزانی"، رۆژانی سێشه‌ممه‌ و چوارشه‌ممه‌، هه‌ریه‌كه‌ له‌ موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در و سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی سائیرون، هادی عامری، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح، عه‌مار حه‌كیم، سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه‌، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكی وه‌زیرانی عێراق و سه‌رۆكی لیستی نه‌سڕ و فوئاد مه‌عسووم، سه‌رۆك كۆماری عێراق، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی تاووتوێی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنییان كردووه‌.

هەر له‌ رێگه‌ی ئه‌و پەیوەندییە تەلەفۆنیانەدا سەركردەكانی عێراقی پیرۆزبایی سەركەوتنی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانیان لە سەرۆك بارزانی كردووە لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

به‌ گوێره‌ی وێبسایته‌كه‌،  ئه‌و سه‌ركرده‌ عێراقییانه‌ بیروڕایان لەبارەی قۆناخی دوای هەڵبژاردن لەگەڵ سەرۆك بارزانی ئاڵوگۆڕ كردووە.

هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی بۆ خوولی چواره‌می ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، رۆژی 12ی ئایار ئه‌نجام درا.

به‌ گوێره‌ی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانیش، لیستی سائیرونی سه‌در یه‌كه‌مه‌، لیستی فه‌تحی عامری دووه‌م و لیستی نه‌سڕی عه‌بادییش سێیه‌م، لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانیش له‌سه‌ر ئاستی عێراق چواره‌مه‌ و له‌ هه‌رێمی كوردستانیش یه‌كه‌م.

ا. م