پارتی و یەكێتی بۆ رێككەوتن ھەوڵێكی جیاواز دەدەن

ھەوڵەكان بەو ئاراستەن كە لەسەر ھەموو پرسەكان بگەن بە رێككەوتن

K24 - سلێمانی

بڕیارە ئەمڕۆ شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆببنەوە و بەرپرسێكی یەكێتیش ئاشكرای دەكات، كۆبوونەوەی ئەمجارە جیاواز دەبێت و جگە لە پێكھێنانی حكوومەت گفتوگۆ لەسەر گەیشتن بە رێككەوتننامە لەسەر ھەموو  پرسەكان دەكرێت.

لەتیف نێروەیی، وتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "كۆبوونەوەی ئەمجارەی نێوان پارتی و یەكێتی جیاواز دەبێ لە كۆبوونەوەكانی رابردوو، لەم كۆبوونەوەیەدا تەنھا گفتوگۆكردن نییە بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت، بەڵكو گفتوگۆ لەسەر گەیشتنە بە رێككەوتننامەیەك لەسەر كۆی كێشەكان، بۆ ئەوەی ھەردوولا ببنە خاوەن بۆچوونی ھابەش لەسەر ھەموو پرسەكان.

گوتیشی: "دوای كۆبوونەوەی رابردووی نێوان شاندی باڵای پارتی و یەكێتی گەشبینی و لێك تێگەیشت ھاتووەتە ئاراوە و ھەوڵەكان بەو ئاراستەن كە ھەردوولا بگەن بە رێككەوتن لەسەر ھەموو پرسەكان كە لە بەرژەوەندی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بێت".