له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ يه‌په‌گه‌ روو له‌ ئه‌سه‌د ده‌كات

بێ هیوابوون لە کردەوە و هەڵوێستی وڵاتانی ئەمەریکا، رووسیا و تورکیا

K24 – هه‌ولێر:

دوای بێ هیوابوون لە کردەوە و هەڵوێستی وڵاتانی ئەمەریکا، رووسیا و تورکیا، کوردانی رۆژئاوا ناچار پەنا بۆ رژێمەکەی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا، دەبەن.

تورکیا لە ژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی"چڵە زەیتوون"، رەزامەندی لە رووسیا وەرگرت تاکو یەکینەکانی پاراستنی گەل(یەپەگە) لە عەفرین دووربخاتەوە، لە جێگای ئەو هێزە کوردییەش، هێزە هاوپەیمانەکانی نزیک لە خۆی لەو شارە جێگیرکرد.

ئێستاش تورکیا، بە یارمەتی ئەمەریکا، هێواش هێواش سیناریۆی عەفرین لە شاری منبج دووبارە دەکاتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە، یەپەگە نزیکترین هێز بوو لە ئەمەریکا و هاوپەیمانی بوو بۆ جەنگی دژ بە داعش و چەند گروپێکی دیکە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی سايتى (ئەلمۆنیتەر)، یەپەگە لەوە تێگەشتووە، بوونی لەو داهاتووە نییە کە ئەمەریکا، رووسیا و تورکیا دەیانەوێت بنیادی بنێن لە سووریا.

بە گوتەی مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەنقەرە و واشنتن لەسەر ئەوە رێککەوتوون،"دەبێت لە ماوەی 45 رۆژ هێزەکانی یەپەگە لە منبج نەمابن و هێزێکی لۆکالی دروست بکرێت".

ئەلمۆنیتەر لە زاری سەرچاوەیەکی ناو یەپەگە ئاشکرای کردووە: "یەپەگە پەشیمانە لەوەی هەوڵیشداوە سووریا دابەش بکات، ئێستا تاکە هیوای ئەسەدە و چاوەڕێی ئەوەیە کە لەگەڵ رژێم دەگات بەچی".

دەربارەی نزیکبوونەوەی کورد و ئەسەد، ئاڵدار خەلیل، هاوسەرۆکی بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراسی(تەڤدەم) بە ئەلۆمنیتەری گووت: "بارودۆخەکە گۆڕاوە، ئێستا کاتی ئەوەیە لەگەڵ دیمەشق بگەینە چارەسەرێک".

لای خۆیەوە وەلید معەلیم، وەزیری دەرەوەی سووریا، لەبارەی دانووستانی رژێم و کورد رایگەیاند: "ئێمە گفتوگۆمان بە فەرمی دەستپێنەکردووە و هیچ بژاردەیەکیشمان هەڵنەبژاردووە. تەنها پەیوەندیمان هەیە. ئێمە کوردەکان وەک هاووڵاتی سووریا دەبینین کە نیگەرانن لە بارودۆخی وڵاتەکەیان".

داعش بەرەو لەناوچوون دەچێت و کوردانی رۆژئاواش ترسی ئەوەیان هەیە دوای جەنگ، داهاتەکان لە نێوان هێزە باڵاکان دابەشبکرێت و ئەوان کە لەبەرەی پێشەوەی جەنگبوون لەبیربکرێن.

ئاڵدار خەلیل هێشتا هیوای هەیە و دەڵێت: "لەسەر خاکی سووریا تەنها کورد و رژێم بوونیان هەیە. ئێمە 30%ی خاکی سووریامان بەدەستەوەیە.  ئامانجی سەرەکی ئێمە لەناوبردنی داعش بوو، ئێستا لەوە نزیکبووینەتەوە. هەڵوێستی رژێم گۆڕاوە و تورک و رووسەکان وەک جاران نەماوون. بۆیە ئێمە دەڵێین ئێستا کاتی گفتووگۆیە(لەگەڵ ئەسەد)".

هـ.ج