وێنه‌یه‌كی سێڵفی شاجوانی عێراقی ناچار كرد رابكات
K24- هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی واشنتۆن تایمزی ئه‌مه‌ریكی هه‌واڵی راكردنی "سارا ئایدن" شاجوانی عێراقی له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه، كه دوای ئه‌وه‌ی وێنه‌یه‌كی سێڵفی له‌گه‌ڵ شاجوانی ئیسرائیل گرتبوو، كه‌وتبووه به‌ر هه‌ڵمه‌تێكی هه‌ره‌شه و، به به‌رده‌وامی داوای لێده‌كرا ئه‌گه‌ر ئه‌و وێنه‌یه نه‌سڕێته‌وه، ئه‌وا باجی ئه‌و سێڵفیه به ژیانی خۆی ده‌دات.
وه‌ك رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی پێكردووه، سارا و خانه‌واده‌كه‌ی به‌ره‌و ئه‌مه‌ریكا رایانكردووه و ئێستا له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانن، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی كه پێشتر له‌گه‌ڵ ئادار گاندلسمان شاجوانی ئیسرائیل وێنه‌یه‌كی گرتبوو و رایگه‌یاندبوو، په‌یامی ئه‌وان له‌و سێڵفیه‌دا ئه‌وه‌یه، كه په‌یوه‌ندییه‌كی دۆستانه له‌نێوان هاووڵاتی عێراقی و ئیسرائیلی‌دا هه‌یه و ده‌كرێت له‌گه‌ڵ یه‌كتریش بژین، چونكه دۆخه‌كه هه‌رچیه‌ك بێت، له‌كۆتاییدا ئه‌وان مرۆڤن.
ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی ئایدن بكه‌وێته به‌ر هه‌ڵمه‌تێكی هه‌ره‌شه له‌لایه‌ن عه‌ره‌به‌كانی عێراق و جیهانی عه‌ره‌بی و وڵاتانی دژبه‌ری ئیسرائیله‌وه، كه ده‌گوترێت به‌هۆی ئه‌جێندا سیاسیه‌كان و هاوسۆزییان بۆ ئێران به‌تایبه‌تیش شیعه‌كان، زۆربه‌ی عێراقییه‌كان به‌چاوی دوژمنێكی سه‌رسه‌خت له ئیسرائیل ده‌ڕوانن و بچوكترین په‌یوه‌ندییش له‌گه‌ڵیاندا ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه.