هاوپه‌يمانى فه‌تح: پێويسته‌ به‌ پێى ده‌ستوور پشكى هه‌رێم له‌ بودجه‌دا ديارى بكرێت

پێویستە کێشەکانی هەولێر و بەغدا بەگوێرەی دەستوور چارەسەر بکرێن
kurdistan24.net

K24 – به‌غدا:

ئه‌ندامێكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، له‌ كوتله‌ى هاوپه‌يمانى فه‌تح رايگه‌ياند، پێويسته‌ كێشه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێن و پشكى هه‌رێم له‌ بودجه‌دا ته‌رخان بكرێت.

ئەحمەد کینانی، نوێنه‌رى كوتله‌ى هاوپەیمانی فەتح بە کوردستان24ـى راگەیاند، كوتله‌كه‌يان پێشوازی لە هەر رێککەوتنێکی هەولێر و بەغدا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان دەکات.

گوتیشی: پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی 2019 پشکی خۆی بەپێی دەستوور ببات و کێشەکانیش بەپێی دەستوور لەنێوان هەردوولادا چارەسەر بکرێن.

لەبارەی کاندیدکردنی فالح فەیاز بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ، ئەو نوێنه‌ره‌ى كوتله‌ى هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، ئەگەر عادل عەبدولمەهدی داوای گۆڕینی کاندیدەکەیان لێبکات، ئەوا ئامادەن فالح فەیاز بە کاندیدێکی ديكه‌ بگۆڕن.

له‌و باره‌يه‌وه‌، ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، له‌ كوتله‌ى پارتى ديموكراتى كوردستان، دانا جه‌زا له‌ ميانى به‌شداريكردنى له‌ ژوورى هه‌واڵى كوردستان24، رايگه‌ياند، سه‌رجه‌م داواكارييه‌كانى كورد له‌ باره‌ى بودجه‌وه‌ ده‌ستوورين.

گوتيشى: ئه‌وه‌ ته‌نيا پشكى كورد نييه‌، به‌ڵكو پشكى هه‌رێمى كوردستانه‌ و جگه‌ له‌ كورد، پێكهاته‌ى ديكه‌ش له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ژين.

روونيشيكرده‌وه‌، ئه‌و پڕۆژه‌ بودجه‌يه‌ ده‌ربڕى خواست و ويستى كابينه‌ى حكومه‌تى عادل عه‌بدول مه‌هدى نييه‌ و ئه‌گه‌ر لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان بيانه‌وێت به‌ زۆرينه‌ و كه‌مينه‌ بودجه‌كه‌ تێپه‌ڕێنن، ئه‌وا كورد ده‌بێت هه‌ڵوه‌سته‌ بكات.

دانا جه‌زا داواشى كرد، پڕۆژه‌ ياساى بودجه‌ى عێراق بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت و دووباره‌ پێداچوونه‌وه‌ى بۆ بكرێت و پشكى كوردى تێدا بچه‌سپێنرێت.