مەكتەبی سیاسیی پارتی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت تاوتوێ دەكات

گفتوگۆ لەبارەی رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان دەكرێت

K24 - ھەولێر

مەكتەبی سیاسیی پارتی، بۆ تاوتوێكردنی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و رێككەوتنی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان، كۆ دەبێتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی كوردستان24، بڕیارە ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان كۆ ببێتەوە، لە كۆبوونەوەكەدا، رێككەوتن لەگەڵ گۆڕان و یەكێتی لەبارەی یاسای سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكرێت، ھەروەھا باس لە قۆناخەكانی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و رێككەوتنی كۆتایی لەگەڵ لایەنەكاندا، دەكرێت.

پێشتریش فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاندبوو "رۆژی پێنجشەممە مەكتەبی سیاسیی پارتی كۆ دەبێتەوە و رەنگە لەم یەك دوو ھەفتەیەشدا كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پێك بھێندرێت و بگەن بە رێككەوتنی كۆتایی".