پاشای هۆڵه‌ندا 21 ساڵه به نهێنی فڕۆكه‌وانه
K24 - هه‌ولێر:
ولیه‌م ئه‌لیكسه‌نده‌ر، پاشای هۆڵه‌ندا، ئاشكرای كرد" ماوه‌ی 21 ساڵه هاوشانی ئه‌ركه شاهانه‌كانی پاش ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ته‌ختی پاشایه‌تیش دانیشتووه، كارێكی دیكه‌ی لاوه‌كی ده‌كات و وه‌ك فڕۆكه‌وانێكی مه‌ده‌نی، كاپتنی گه‌شته ناوخۆییه‌كانی وڵاته‌كه‌یه‌تی و له‌و كاره‌ش جگه له به‌جێهێنانی خه‌ز و خولیایه‌كی كه‌سی و تایبه‌تی خۆی، هیچ ئامانجێكی دیكه‌ی نه‌بووه".
شا ئه‌لیكسه‌نده‌ر ده‌ڵێت" به شێوه‌یه‌كی نهێنی و مانگانه بۆ ماوه‌ی دوو جار، كاپتنی فڕۆكه‌ی نه‌فه‌رهه‌ڵگر بووم، هه‌ر چه‌نده له كابینه‌ی كۆنترۆڵكردنی فڕۆكه‌ش دانیشتووم له كاتی قسه‌كردنم بۆ سه‌رنشینه‌كان ده‌توانرا ده‌نگم بناسرێته‌وه، به‌ڵام هیچ كه‌سێك هه‌ستی به‌و كاره نهێنییه‌م نه‌كردووه، چونكه له كاتی به‌خێرهێنان یان رێنماییكردنی سه‌رنشینه‌كاندا، هیچ جارێك ناوی خۆم نه‌گوتووه".
شا ئه‌لیكسه‌نده‌ر، به رۆژنامه‌ی ته‌لگرافی بریتانی گوتووه" جگه له‌وه‌ش زۆر كه‌س گوێ له فڕۆكه‌وانه‌كان ناگرن كه چی ده‌ڵێن، بۆیه نه‌یانزانیوه من كێم ".
یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی دیكه كه شای له خه‌ڵكی شاردووه‌ته‌وه، بڕیاره‌كانی پاش رووداوه‌كه‌ی 11 سێپته‌مبه‌ری ئه‌مریكا بووه كه به‌هۆی فڕۆكه‌وه هیرشه‌كان ئه‌نجامدران، له پاش ئه‌وه بڕیار ده‌رچوو، تا هیچ كه‌سیك نه‌توانێت له شوێنی فڕۆكه‌وان نزیك بێته‌وه و شوێنی كاپتن به رووی سه‌رنشینه‌كاندا داخراو.
به‌ڵام پاشا گوتوویه‌تی" هه‌ندێك كه‌س له فڕۆكه‌خانه‌ی سخیپولی ئه‌مستردام، له‌و كاته‌ی به جل و به‌رگی فڕۆكه‌وانییه‌وه ده‌رۆیشتم، ده‌یانناسیمه‌وه".
ده‌رباره‌ی توانا و لێهاتوویی بۆ جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌ركه‌كانی وه‌ك پاشا و كاری دووه‌می، پاشای هۆڵه‌ندا ده‌ڵێت" نا‌توانیت له نێوان زه‌وی و ئاسماندا ده‌ستبه‌رداری ئه‌ركه‌كانت ببیت، ده‌بێت پێكیانه‌وه ببه‌ستیته‌وه و سه‌رنجت به لای پرسی دیكه‌دا نه‌ڕوات".
شا ئه‌لیكسه‌نده‌ر ساڵی 2013 وه‌ك پاشای هۆڵه‌ندا له‌سه‌ر ته‌ختی پاشایه‌تی دانراوه‌و به ته‌نهاش حوكمی هۆڵه‌ندا ناكات، به‌ڵكو به‌هۆی سیستمی په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌وه، زۆرینه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی راپه‌ڕاندنی كاروباره‌كانی وڵات لای حكومه‌ته.