ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن ئاسۆی یەكگرتوویی كورد لە بەغدا تاریك دەكات

پارتی داوای یەكڕیزی دەكات
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئەندامێكی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی رایوایە، بەھۆی ساختەكاری و دیارنەمانی دەنگی ئەوان لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق درووستكردنی ھاوپەیمانی لیستە كوردستانییەكان لە بەغدا ئەگەرێكی دوورە، پارتی دیموكراتی كوردستانیش پێیوایە، لایەنە ناڕازییەكان دەتوانن رێگای یاسایی بگرنەبەر، بەڵام یەكڕیزی كورد لە بەغدا پێگەی ھەرێمی كوردستان بەھێز دەكات و پارتیش دەرگای بۆ دروستكردنی ھاوپەیمانێتی واڵایە.

چاوەڕێ دەکرا دوای هەڵبژاردن حزبە کوردییەکان مەودای دووری نێوانیان کەم بێتەوە، بەڵام بە ئاشکراکردنی ئەنجامەکان زیاتر پەرتەوازە بوون، ساختەكاری و دزینی دەنگ قسەی  شەش حزبی هەرێمی کوردستانە، بەپێی قسەی ئەندامێکی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی بێت دەبێ فاتیحە بۆ هاوپەیمانی حزبە کوردییەکان لەبەغدا بخوێندرێت.

سەعید هەرکی، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەگەر دەنگی ئێمە دزرا، بە دوو كورسی كە ئێستا راگەیەندراوە ئێمە چۆن بتوانین ھاوپەیمانی دروست بكەین، لەكاتێكدا ئێمە چاوەڕێی دەنگی زیاترمان دەكرد، بەڵام ئێستا پێمانوایە دەنگی زۆرمان لێدزراوە، بۆیە بۆ ھەموو لایەنەكان زەحمەتە بتوانن ھاوپەیمانییەتی دروست بكەن، ناكرێ لە كوردستان كێشەكان وەك خۆی بمێنێتەوە و بچین لە بەغدا ھاوپەیمانی دروست بكەین كە پێمانوابێت ھیچ كێشەمان نییە، ئێمە پێمانوایە دەبێ كێشەكانی ھەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێن، چونكە بەشێكە لە عێراق".

ھەر لەسەر ئەو پرسە ئەحمەد کانی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "ئەگەر كارێكی ناشایستەكراوە لە سندووقەكانی دەنگدان، ھەر حزبێك ھەقی خۆیەتی ناڕەزایەتی دەربڕێت و داوای لێكۆڵینەوە بكات، بەڵام لەوە گرنگتر یەكڕیزی لایەنە كوردستانییەكانە، بەجۆرێك نەبێتە چەترێك بۆ ئەو كارە نەشیاوانەی كە كراون".

بەپێی راگەیاندنی ئەنجامەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، لەهەرێمی کوردستان پارتی بە جیاوازییەكی زۆر لە پلەی یەکەمدایە، یەکێتیش پلەی دووەمی گرتووە، حزبەکانی دیکەش بەدوای خەریکی دروستکردنی بەرەیەکن کە وەك خۆیان دەڵێن، ئامانجیان گەڕاندنەوەی دەنگە دزراوەکانیانە.

ھ.م