گه‌نجێك ته‌واوی ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی ده‌كوژێت
K24 - هه‌ولێر:
له یه‌كێك له ناحیه‌كانی پارێزگای كه‌ربلا، بنكه‌ی پۆلیس له بوونی رووداوێكی كوشتن ئاگاداركرانه‌وه، به‌ڵام كه گه‌یشتنه شوێنه‌كه ته‌نها حاڵه‌تێكی كوشتن نییه، به‌ڵكو له‌ناوبردنی ته‌واوی ئه‌ندامانی خێزانێكه.
حه‌وت ئه‌ندامی یه‌ك خێزان به گوللـه كوژراون، ئه‌وانیش دایك و باوك، 4 برا و خوشكێك بوون، دوای لێكۆڵینه‌وه‌ی پۆلیس و ناردنی ته‌رمه‌كانیان بۆ پزیشكی دادی، ده‌ركه‌وت له خێزانه‌كه‌دا ته‌نها كوڕێكیان رزگاری بووه.
له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌شدا، ئه‌و كوڕه رزگاربووه، دانی به كوشتنی ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌یدا ناوه و ته‌واوی ورده‌كارییه‌كانیی بۆ پۆلیس باس كردووه.
وه‌ك له كۆنووسی لێكۆڵینه‌وه‌ی دادی ئاماژه‌ی بۆ كراوه، "تاوانباره‌كه" دانی به‌تاوانه‌كه‌دا ناوه، باسی له‌وه كردووه، ئه‌ندامی هێزه ئه‌منییه‌كانه و و له شوێنی كاره‌كه‌ی، كه پاسه‌وانیكردنه، چه‌كێكی هێناوه‌ته‌وه ماڵه‌كه و له ژێر به‌تانییه‌ك شاردوویه‌تییه‌وه.
وه‌ك باسی ده‌كات، دواتر له‌گه‌ڵ برایه‌كی گه‌وره‌تری و دایكی، له‌سه‌ر دره‌نگ هاتنه‌وه‌ی بۆ ماڵ ده‌بێته ده‌مه‌قاڵه و كێشه‌یان، دوای ته‌واو بوونی كێشه‌كه‌تا كاتژمێر چوار و نیوی به‌یانی له ته‌نیشت براكه‌ی ده‌خه‌وێت.
له درێژه‌ی گێڕانه‌وه‌كه‌یدا، ئاشكرای كردووه، كاتژمێر 4 و نیوی به‌یانی، چه‌كه‌كه‌ی هێناوه، له ناو خه‌ودا ته‌قه‌ی له خوشكی، دایكی و برایه‌كی كردووه و هه‌رسێكیانی كوشتووه.
ئه‌و برایانه‌ی دیكه كه مابوون، گه‌یشتنه شوێنه‌كه، به‌ڵام وه‌ك خۆی ده‌یگێڕێته‌وه، چوونه‌ته ژوورێكی دیكه، ئه‌ویش به دوایان كه‌وتووه و له ژووری دووه‌م ئه‌وانیشی كوشتووه.
وه‌ك خۆی باسی كردووه، ته‌نها یه‌ك برای مابوو، ئه‌ویش له ژووری باوكی نووستبوو، چووه‌ته ژووره‌كه و ئه‌ویشی كوشتووه.
وه‌ك "تاوانباره‌كه، ده‌گێڕێته‌وه، له‌و كاته‌شدا باوكی له نوێژی به‌یانی گه‌ڕاوه‌ته‌وه ماڵه‌وه، ئه‌ویشی گرتووه و به‌ره‌و ژووری "پێشوازی" پاڵی پێوه‌ناوه، دواتر چه‌كه‌كه‌ی هێناوه و باوكیشی له‌و شوێنه‌دا كوشتووه، دوای ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر دیواری ژووره‌كه نووسیویه‌تی: "(رحمن) ته‌واوی ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌م كوژران تۆ له كوێی؟"، ئه‌وه‌ش بۆ مه‌به‌ستی شێواندنی رێچكه‌ی لێكۆڵینه‌وه بووه له رووداوه‌كه.
سه‌ر له به‌یانی ئه‌و رۆژه‌ش چووه‌ته سه‌ر كاره‌كه‌ی و به ته‌نها پاسه‌وانی گرتووه، كه نۆره‌ی خۆی بووه، دادگای كه‌ربه‌لا، جگه له ناوه‌ڕۆكی رووداوه‌كه، هیچ زانیارییه‌كی له باره‌ی ناو، ته‌مه‌نی "تاوانباره‌كه" بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه.
بكوژه‌كه، هیچ بیانووێكی وای بۆ كوشتنی ته‌واوی ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی نه‌بووه، ته‌نها گوتوویه‌تی: "هه‌موو رۆژێك ده‌مه‌قاڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كردم و ده‌بووه كێشه‌مان"، دانی به‌وه‌شدا ناوه، ته‌نها خۆی تاوانه‌كانی ئه‌نجامداوه، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ كه‌سێك هاوكاری بكات.
دادگای تاوانه‌كانی كه‌ربه‌لا، دوای ته‌واوبوونی لێكۆڵینه‌وه، به گوێره‌ی مادده‌ی 406، له یاسای سزادانی عێراقی، له به‌رامبه‌ر كوشتنی هه‌ر یه‌كێك له ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی، سزایه‌كی له سێداره‌دانی بۆ ده‌ركرد، واتا 7 جار سزای له سێداره‌دان، سزاكه‌شی به‌م نزیكانه جێبه‌جێ ده‌كرێت.
كه‌ربه‌لا، به دووری 110 كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته باشووری رۆژئاوای شاری به‌غدای پایته‌خت له ناوه‌ڕاستی عێراقه.
سه‌رچاوه: الغد پرێس
ا. م