هێزه‌كانی یه‌په‌گه شاری حه‌له‌بیان جێهێشت و به‌ره‌و عه‌فرین به‌ڕێكه‌وتن
K24- هه‌ولێر:
ئاژانسی رۆیته‌رز له سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل یه‌په‌گه گواستییه‌وه، ئه‌و هێزانه‌ی یه‌په‌گه كه له ناوچه‌ی شێخ مه‌قسوودی شاری حه‌له‌ب و ناوچه‌كانی دیكه‌ی ئه‌و شاره بوون، به‌ره‌و شاری عه‌فرین به‌ڕێكه‌وتن، به‌مه‌به‌ستی هاوكاریكردنی ئه‌و هێزه كوردیانه‌ی كه له عه‌فرین رووبه‌ڕووی هێرشه‌كانی سوپای توركیا ده‌بنه‌وه.
هه‌روه‌ها رۆیته‌رز بڵاویشیكرده‌وه، هێزه‌كانی حكوومه‌تی سووریا ئه‌و شوێنانه‌ی گرته‌وه، كه پێشتر له كۆنترۆڵی یه‌په‌گه‌دا بوون، له‌وانه‌ش گه‌ڕه‌كی شێخ مه‌قسود كه زۆرینه‌ی دانیشتوانی كوردن.
فورات خه‌لیل، فه‌رمانده‌ی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل یه‌په‌گه له نامه‌یه‌كدا به ئاژانسی رۆیته‌رزی راگه‌یاند، "ئێمه وه‌ك یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل و پاراستنی ژنان له حه‌له‌ب به‌ره‌و هه‌رێمی عه‌فرین به‌ڕێكه‌وتین، بۆیه گه‌ڕه‌كه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌و شاره كه پێشتر له‌ده‌ستمان بوون، له‌لایه‌ن هێزه‌كانی حكوومه‌تی سووریاوه كۆنترۆڵ كراون".
له 20ی مانگی رابردووه‌وه سوپای توركیا به فه‌رمانی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان سه‌رۆككۆماری وڵاته‌كه‌یان ده‌ستی به كرده‌یه‌كی سه‌ربازی به‌ناوی "ئۆپه‌راسیۆنی چڵه زه‌یتوون" كردووه و، ماوه‌ی 34 رۆژه له هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل یه‌په‌گه به‌رده‌وامن، به‌ڵام تائێستا نه‌یانتوانیوه به‌گوێره‌ی پلانی داڕێژراو پێشڕه‌وی بكه‌ن، رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردووش دوو هێزی سه‌ر به سوپای سووریا به‌گوێره‌ی رێكه‌وتنێكی نێوان یه‌په‌گه و حكوومه‌تی سووریا گه‌یشتنه سنووری شاری عه‌فرین و له ناوچه‌كانی جندرێس، راجۆ و بولبولێ بڵاو بوونه‌وه.
هه‌رچه‌نده ئه‌و هێزانه له‌لایه‌ن سوپای توركیاوه ده‌كرێنه ئامانج، به‌ڵام ئه‌مڕۆش سێیه‌م كاروانی هێزه‌كانی سوپای ئه‌سه‌د، به‌مه‌به‌ستی رێگریكردن له پێشڕه‌وییه‌كانی سوپای توركیا و گروپه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی ناسراو به "سوپای سووریای ئازاد" گه‌یشتنه سنووری ده‌ڤه‌ری عه‌فرین.