سه‌رۆك بارزانى: گەلی كوردستان ماندوو بووە له‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ى ئه‌زموونه‌ شكستخواردووه‌كان

بۆیە بڕیاری ڕیفراندۆم و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی داوە

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ شاندێكى يه‌كێتى زانكۆكانى عه‌ره‌بى كرد و رايگه‌ياند، گەلی كوردستان ماندوو بووە لەوەی ئەزموونە شكستخواردووەكانی پێشوو دووبارە بكاتەوە.

سايتى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم بڵاويكردووه‌ته‌وه‌، رۆژی شەممە 19ـی 8ـی 2017 لە سەلاحەددین سه‌رۆك مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە د. سوڵتان ئەبو عرابی ئەمینداری گشتیی یەكێتی زانكۆكانی عەرەبی و د. زیاد كوردی سەرۆكی زانكۆی ئەربد لە ئوردن كرد.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: لە دیدارەكەدا ئەمینداری گشتیی یەكێتی زانكۆكانی عەرەبی ستاییشی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستانی كرد لە شەڕی تیرۆر و دژایەتیكردنی زوڵم و چەوسانەوە و سەرسامیشی دەربڕی بە ئاستی بووژانەوە و پێشكەوتن و پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان و هیوای ئەوەیشی خواست كە گەلی كوردستان لە مسۆگەركردنی مافە ڕەواكانی سەركەوتن بەدەست بهێنێت. لە بەشێكی تری وتەكانیدا باسی لە گوزەرانی جالیەی كوردی لە وڵاتی ئوردن و هەروه‌ها كار و چالاكییەكانی یەكێتیی زانكۆكانی عەرەبی و ئاستی پەیوەندیی نێوان زانكۆكانی عەرەبی و زانكۆكانی كوردستان كرد.

لە بەرامبەردا سەرۆك بارزانی پێزانینی هەبوو بۆ ئاستی باشی گوزەرانی كوردەكان لە شانشینی ئوردن و هەروەها پەیوەندیی نێوان خۆی و شای ئۆردۆن و هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئوردنی بە برایانە و دۆستانە وەسف كرد.

لە بەشێكی ديكه‌ی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی رۆشنایی خستەسەر هەڕەشەی تیرۆر لە ئاستی جیهانی و شەڕی داعش و ئازادكردنی موسڵ و جەختی لەوە كردەوە كە هێشتا ئەو هۆكارانەی بوونە هۆی سەرهەڵدان و گەشەی تیرۆر، وەك خۆی ماون و مەترسیی دەركەوتنەوەی هەڕەشەی هاوشێوەی داعش لە ئارادایە و بە پێویستیشی زانی لەپێناو نەهێشتنی تیرۆر كار لەسەر هۆكارەكانی سەرهەڵدانی تیرۆر بكرێت.

لەبارەی ریفراندۆمیش سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە قۆناغەكانی مێژووی هاوبەشی گەلی كوردستان و دەوڵەتی عێراق و ئەو نەهامەتییانەی بەسەر خەڵكی كوردستاندا هاتووە ئەوەی دووپاتكردەوە كە لە هەموو قۆناغەكاندا پڕەنسیپی شەراكەت پێشێل كراوە و گەلی كوردستان ماندوو بووە لەوەی ئەزموونە شكستخواردووەكانی پێشوو دووبارە بكاتەوە بۆیە بڕیاری ڕیفراندۆم و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی داوە.