سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا داوای دانوستانی نێوان ھەولێر و بەغدا دەكات

پێویستە بارودۆخەكە ھێور بكەنەوە

K24 - ھەولێر

تێریزا مەی، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە پەرلەمانی وڵاتەكەی رایگەیاند، پێویستە گفتوگۆ لەنێوان ھەولێر و بەغدا بۆ گەیشتن بە چارەسەر دەست پێبكاتەوە، ئاماژەی بەوەشدا بەردەوام جەختمان لەسەر ئەوە کردووەتەوە، هەر هەنگاوێکی سیاسی بە ئاراستەی جیابوونەوە پێویستە لەگەڵ حکومەتی عێراق تاوتوێ بکرێت و لەسەری رێککەون.

سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە كۆبوونەوەی ھەفتانەی حكومەت و پەرلەمانی بەریتانیا داوای لە هەولێر و بەغدا کرد، بارودۆخەکە هێور بکەنەوە و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیش گفتوگۆ دەست پێبکەنەوە.

پێشتریش لە پەیوەندییەكی تەلەفونیدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، بۆریس جۆنسن وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، پێشنیاری كرد، نێوەندگیری نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراق بكات، جۆنسن بە عەبادی گوتبوو، نێچیرڤان بارزانی ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان دەربڕیووە.