داخستنى فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم ژماره‌ی گه‌شتیارانی له‌ توركیا كه‌م كردۆته‌وه‌

كونسۆڵی توركیا له‌ هه‌ولێر: ئێستا ڤیزای ئەلیكتڕۆنی راگیراوە و داواكاری لەسەر ڤیزای ئاسایی زیادیكردووە بەجۆرێك رۆژانە 500 ڤیزا بە ھاوڵاتیانی پارێزگاكانی ھەولێر و سلێمانی دەدەین

K24- هه‌ولێر:

كونسڵی توركیا لە ھەولێر ده‌ڵێت: داخستنی فرۆكەخانەكانی ھەولێر و سلێمانی لەلایەن بەغداوە، داواكاری خەڵك لەسەر ڤیزەی توركیا كەمكردۆته‌وه‌.

محەممەد عەكيف كونسڵی گشتی توركیا لە ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئێستا گەشتیارانی ھەرێمی كوردستان، لەرێگەی دەروازەی سنوری ئیبراھیم خەلیل و فرۆكەخانەی بەغداوە گەشت بۆ توركیا دەكەن, ئەمەش كاریگەری نەرێنی كردووەتە سەر گەشتە ئاسمانییەكان.

عەكاف ئاماژەی بەوەشكردووە، لەم كاتەدا ڤیزای ئەلیكتڕۆنی راگیراوە و لەبەرامبەر داواكاری لەسەر ڤیزای ئاسایی  زیادیكردووە، بەجۆرێك رۆژانە 500 ڤیزا بە ھاوڵاتیانی ھەریەك لە پارێزگای ھەولێر و سلێمانی دەدەین.

لە29ى مانگی ئەیلولی رابردوو، لەدژی ئەنجامدانی ریفراندۆمەكەی باشووری كوردستان، بەغدا بەبڕیارێك گەشتە ئاسمانیه‌كانی فرۆكەخانەكانی ھەولێر و سلێمانی راگرت.