شانەی راگەیاندنی ئەمنی: فڕۆکەکانی تورکیا دوو کەسی سڤیلیان لە شنگال کردووەتە ئامانج

رووبەڕووبوونەوەی دیپلۆماسی لەنێوان عێراق و تورکیا دەستیپێکردووە

K24 - هەولێر

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق راگەیەنراوێکی لەبارەی هێرشە ئاسمانییەکەی تورکیا بۆ سەر ناوچەیەکی نزیک شنگال بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەی شەوی رابردوو (سێشەممە، 25-8-2020)ـی شانەی ئەمنیی عێراقدا هاتووە، چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا، بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکیان لە گوندی بەهراڤا لە نزیک ئۆردووگای خانەسۆر سەر بە قەزای شنگال کردووە، بەهۆیەوە دوو کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە.

دوێنێ، ماهر شنگالی، په‌یامنێری كوردستان24 له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌ به‌ پشتبه‌ستن به‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك ئاشکرای کردبوو فڕۆکەکانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی یەبەشەیان کردووەتە ئامانج.

لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی رابردووەوە تورکیا بەردەوام لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی و زەمینیدا، پێگەکانی پەکەکە لە سنووری هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج.

بەهۆی دوایین ئۆپەراسیۆنیشییەوە کە بە ناوی (چڕنووکی پڵنگ) لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە، رووبەڕووبوونەوەی دیپلۆماسی لەنێوان عێراق و تورکیا دەستیپێکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا عێراق هیچ کاردانەوەیەکی سەربازیی لەدژی تورکیا نەبووە.