سیاسه‌تمه‌دار و دیپلۆماتكارانی ئه‌مریكا لەبارەی مام جەلالەوە دەدوێن

"یەكەمجار مام جەلالم بینی پێم گوت دەبیتە سەرۆكێكی سەركەوتوو"
kurdistan24.net

K24 - واشنتن

پرسەی مام جەلال تاڵەبانی، لە واشنتن بەردەوامە و باڵیۆز و کەسایەتی سیاسی و رۆشنبیر و دۆستە دێرینەکانی مام جەلال، بەشداری پرسەکەیان کردووە، ھەموو دیپلۆماتکارەکان شاھیدی ئەوە دەدەن کە مام جەلال، تێکۆشەرێکی سەرسەخت و سەرۆکێکی لێوەشاوە و لێھاتوو بووە.

زاڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە عێراق دەڵێ: "بۆ یەکەمجار ساڵی 2002 کە مام جەلالم لە لەندەن بینی، پێموت رۆژێك دێت دەبیتە سەرۆکێکی زۆر سەرکەوتووی عێراق".

زاڵمای خەلیلزاد گوتیشی: "مام جەلال، پێش ھەموو شتێ ھاورێی نزیك و خۆشەویستیم بوو، ھەندێکجار پێی دەوتم رواێژکاری جێنشین، پێی دەوتم تۆ برام نیت ھاورێمی چونکە تۆ خۆت ھاورێی خۆت ھەڵدەبژێری، بەڵام ناتوانی خۆت برای خۆت ھەڵبژێری، یەکەمجار کە مام جەلالم لە کۆنفرانسی ئۆپۆزسیۆن لە لەندەن بینی پێم وت بەگوێرەی تێکەڵی و لێکنزیکیت لەگەڵ سەکردە عێراقییەکان رۆژێك دێت دەبیتە سەرۆکێکی زۆر سەرکەوتووی عێراق، قسەکەم ھاتە دی، مام جەلال لە ھەموومان چوو بەتایبەتی بۆ کورد چونکە تازە ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامجدراوە، دڵنیام ئەگەر بمایە رۆڵێکی زۆر کاریگەری دەبوو".

جۆن نیگرۆ، پۆنتی ساڵی 2004-2005 باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە عێراق، دۆستێکی نزیکی مام جەلالە و دەڵێ: "ئەو ماوەی لە عێراق بووم، چەندینجار دەرفەتی ئەوەم بۆ رەخسا مام جەلال ببینم لە بەغدا و لە ماڵەکەی خۆیشی لە سلێمانی، من رێزێکی زۆرم بۆی ھەبوو سەرۆکێکی دڵسۆز بوو، لە خەمی میللەتەکەی بوو بۆ نەتەوەی کورد بۆ عێراقیەکانیش، کەسێکی نیشتیمانپەروەر بوو، دواتریش کاتێك من بەرپرسی دەزگای ھەواڵگری نیشتیمانی و جێگری وەزیری دەرەوە بووم، دۆستایەتیمان ھەر بەردەوام بوو، دوایین کارمان پێکەوە کردنەوەی باڵەخانەی نوێی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بوو لە بەغدا ئەو کات رایان کرۆکەر لەوێ بوو، من زۆر بیری دەکەم کەسێکی مەزن و نیشتیمانپەروەر بوو".

جۆن رۆز دۆست و ھاورێیەکی دیکەی نزیکی مام جەلالە لە پرسەکەیا بەشدارە و ئاشكرای دەكات، بەھۆی بەھۆی نزیکی لە مام جەلالەوە بووەتە دۆستێکی نزیکی دۆزی کورد.

جۆن رۆز، سەرۆکی بۆسن سۆفتوێر و کۆمیسیاری کشتوکاڵی ویلایەتی تێنێسی ئەمریكا لەبارەی مام جەلالەوە گوتی: "ساڵی 2004-2005 لە عێراق بووم، لە دوکان میوانی مام جەلال بووم، ئەو کات لەگەڵ سوپای ئەمریکا کارم دەکرد. لەو کاتەوە دۆستایەتی زۆر نزیکم لەگەڵ مام جەلال پەیدا کرد و بوومە دۆستێکی زۆر نزیکی دۆزی کورد، ئەمرۆش بۆنەیەکی خەمناکە بۆ و کۆچی دوایی ھاورێی و تێکۆشەر و سەرکردەیەکی مەزن لێرەم، کەسێکی دڵسۆز بوو بۆ میللەتەکەی و بۆ سوپای ئەمریکاش".