پوتین بە ئۆتۆمبێل و کاتی ئامادەبوونی لە ترەمپی بردەوە

"یەک کاتژمێر دواکەوتووە"

K24 – هه‌ولێر:

ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا، کاتژمێرێک لە کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دواکەوتووە، بۆ کۆبوونەوەکەش ئۆتۆمبێلێکی رکابەری ئۆتۆمبێلەکەی ترەمپی بەکارهێناوە.

دوێنێ دووشەممە(16/07/2018)، پوتین و ترەمپ بۆ یەکەمینجار لە هیلسینکی پایتەختی وڵاتی فینلەند کۆبوونەوە، رۆژنامەی واشنتن پۆستیش، پرتۆتۆکۆلەکانی پوتین بۆ دیدارەکە بە نیشاندانی گەورەیی و باڵادەستی رووسیا دەگەڕێنێتەوە.

سەرەڕای ئەوەی شەقامەکان بۆ پوتین داخرابوون، بەڵام  سەرۆکی رووسیا، یەک کاتژمێر لەو وادەیەی بۆ دیاریکرابوو دواکەووت. جیا لەوەش، پوتین ئۆتۆمبێلێکی هەڵبژارد کە رکابەری یەکەمی ئۆتۆمبێلی لیمۆزینی "بیستی" ئەمەریکایە (ئەو ئۆتۆمبێلەی ترەمپ بەکاریهێنا بۆ دیدارەکە).

ئۆتۆمبێلەکەی پوتین دروستکراوی رووسیایە و ناوی کۆرتێژە (کاروانی ئۆتۆمبێل)، بە گوێرەی زانیارییەکانی واشنتن پۆست، نوێترین و پێشکەوتووترین ئۆتۆمبێلی دروستکراوی ناوخۆی رووسیایە، پێشتر تەنها لە کاتی سوێندخواردنی پوتین وەک سەرۆکی رووسیا بەکارهاتووە، بەکارهێنانی لە دیدارێکی وادا، ئاماژەیەکە پوتین بۆ ترەمپی دەنێرێت.

نەک تەنیا پرۆتۆکۆلی پوتین باڵادەستربوو، بەڵکو لێدوانەکانی ترەمپ دوای کۆبوونەوەکە هەمان ئاماژەیان نیشان دەدا.

پێشتر نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (ئێف بی ئای)، رووسیای بە سیخوریکردن بەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکاوە تۆمەتبارکردبوو، بەڵام ترەمپ لەدوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پوتین، ئێف بی ئای بەدرۆخستەوە و رایگەیاند" رووسیا بۆ دەبێت کارێکی وا بکات؟".

H.J