به‌رپرسی راگه‌یاندنی هه‌سه‌ده بۆ كوردستان 24 ده‌دوێت و زانیاری نوێی مه‌یدانی ده‌خاته‌ڕوو
K24 - حه‌سه‌كه:
مسته‌فا بالی، به‌رپرسی راگه‌یاندنی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتیك (هه‌سه‌ده)، تایبه‌ت به كوردستان 24ی راگه‌یاند، تا ئێستاش ته‌واوی سه‌رێكانی له ژێر كۆنتڕۆڵی ئه‌وان دایه.
بالی ئه‌وه‌شی راگه‌یاند، كه له رۆژئاوای سه‌رێكانی شه‌ڕ هه‌یه و به‌رده‌وامه، سوپای توركیا و چه‌كداران هه‌وڵ ده‌ده‌ن له رۆژئاواوه بێنه پێش به‌تایبه‌تیش گه‌ڕه‌كی پیشه‌سازی (صناعة)، به‌ڵام به‌رپه‌رچی هێرشه‌كان دراوه‌ته‌وه، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له شه‌ڕدا پاشه‌كشه و پێشڤه‌چوون ده‌بێت.
ئاشكراشیكرد، زیاتر له 11 هه‌زار چه‌كداری داعش له ژێر ده‌ستی ئه‌واندان و له زیندانه‌كانن و ده‌ڵێت: "ره‌نگه دۆخه‌كه بكه‌وێته مه‌ترسی و نه‌توانرێت هه‌موو شتێك كۆنتڕۆڵ بكرێت، هه‌ر وڵاتێكیش ئه‌و داعشانه به مه‌ترسی له‌سه‌ر خۆی ده‌زانێت، با بێت چاره‌یه‌كی ره‌وشه‌كه بكات".
بالی باسی له‌وه‌ش كرد، ئه‌وان بێ‌ئومێد نابن و تا ئه‌و كاته‌ی توانایان هه‌بێت به‌رگری ده‌كه‌ن.
دووپاتی له‌وه‌ش كرده‌وه، ئه‌گه‌رچی له چه‌ند به‌ره‌یه‌كی جیاواز شه‌ڕ به‌رده‌وامه، به‌ڵام تا ئێستا جگه له چه‌ند گوندێك هیچ شوێنێك داگیر نه‌كراوه.
سه‌باره‌ت به بێده‌نگی و بێ كرداری كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش رایگه‌یاند، كورد له جیاتی جیهان شه‌ڕی تیرۆریستانی داعشی كرد، به‌ڵام له كاتی پێویستدا به‌ده‌م كورده‌وه نه‌هاتن.
دووپاتی له‌وه‌شكرده‌وه، كه ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه نه‌بووایه داعش به‌غدای گرتبوو، به‌ڵام له كاتی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی پشتیان له كورد و پێشمه‌رگه كرد.
ئ. م