گەنجێك لەسەر ھەڕەشەكردن لە كچان دەستگیر كرا

بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان زانیاری دەخاتەڕوو

K24 - ھەولێر

گەنجێك كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ھەڕەشەی لە كچ و ژنان كردووە، لە ھەولێر دەستگیر كرا.

بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە ھەولێر لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "بەپێی پلانێکی داڕێژراو توانرا یەکێك لەو گەنجانە دەستگیر بکرێت کە لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکەوە ھەڕەشەی ئابڕوبردنی لە کچان و ژنان دەکرد".

ئەوەشخراوەتەڕوو: "دوای دەستگیرکردن و پشکنینی مۆبایلەکەی دەرکەوت کە وێنەی چەندین ئافرەتی دیكەی لای خۆی ھەڵگرتووە تا یەک یەک ھەڕەشەیان لێ بکات".

لەو راگەیەندراوەدا ھاتووە: "ئەو گەنجە کە ماوەیەکە ھاوسەرگیری كردووەو دەستگیرانەكەی نازانێ كە ئەو خەریکی ئەو جۆرە کارانەیە. بە گوتەی باوکی کوڕەکە زانیویانە کوڕەکەیان سەرەڕۆیە، ھەربۆیەشە ژنیان بۆ ھێناوە، تا لەو كارانە دوو بكەوێتەوە".

بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان داواش دەكات: "لەھەر جۆرە حاڵەتێکی ھاوشێوەو جۆرەکانی تر پەیوەندی بە ھێڵی گەرمی 119 بکەن".