زانایان مشك دروست دەكەن

ئایا لەسەر مرۆڤ هەمان کار دەکرێت؟

K24 – هه‌ولێر:

چەند زانایەکی چینی چەند کۆرپەلەیەکی مشک بەبێ بوونی هیچ باوکێک بە دونیا دەهێنن.

ئەو زانایانە چەند زنجیرەیەکی (دی ئێن ئەی)ی خانەی بنەڕەتی ئاولەمە (ستیم سێڵ ئیمبرۆ) سڕیوەتەوە، ئەمەش وایکردووە، دایکیان بتوانن هێلکەی پیتراو دروستبکەن بەبێ ئەوەی نێرینەیەک لەو پرۆسەیە بەشداربێت.

مشکە بێ باوکەکان بە تەواوی تەندروستن و دەشتوانن لە داهاتوو وەچە بخەنەوە. ئەم پرۆسەیە ناسراوە بە پارسێنۆجێنسیس کە لەناو هەندێک لە مێرووەکان بەشێوەیەکی سروشتی هەیە بەڵام لەناو پۆلی شیردەرەکان شتێکی ئەستەمە.

کی ژو، بەڕێوەبەری تاقیکردنەوەکە لە ئەکادیمیای زانستی چین، لەبارەی دۆزینەوەکەیان گووتی: "ئێمە ئەو پرسیارەمان دەکرد بۆچی شیردەرەکان پێویستیان بە ئەنجامدانی سێکسە تاکو بتوانن کۆرپەلە دروست بکەن. بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکە پێویستمان بە ناچالاککردنی هەندێک جیناتی خانە بنەڕەتییەکان بوو لە شیردەرەکان".

زاناکان خانەی هاپلۆید (تەنها نیوەی کرۆمۆسۆمەکانیان هەیە) لەناو خانە بنەڕەتییەکانی ئاوەڵە دەستکاریکردووە، ئەمانە تێکەڵ بە گامیت (خانەی بەرپرس لە زاوزێکردنی مێینە) کراوە و پاشان لەناو رەحمی مشکەکە چێندراوە.

لەبارەی ئەوەی کە ئایا دەتواندرێت هەمان پرۆسە لە مرۆڤدا دووبارە بکرێتەوە، زانایان پێیانوایە ئەمە کاری زۆری دەوێت، بەڵام ئەوەی زیاتر رێگرییە لەبەردەمیان، بەها رەوشتییەکانی مرۆڤە، رەنگە ئەم پرۆسەیە دژی بەها مرۆڤایەتییەکان بێت، دەنا لە رووی پزیشکییەوە کارێکی ئەستەم نییە.

بەڵام تاقیکردنەوەکە بێسوود نییە بۆ مرۆڤ، بەڵکو دەکرێت لە رێگای تاقیکردنەوەی هاوشێوە، لە دایکبوونی منداڵی کەم ئەندام نەهێڵدرێت.

Source: Science Alert

H.J