ئێران دەیەوێت لە عێراق تۆڵە لە ئەمریكا بكاتەوە

"حکوومەتێکی سەربەخۆ و سەرکەوتوو لە عێراقدا بێ بەشداريکردنی کورد سەرناگرێت"
kurdistan24.net

K24 - واشنتن

بە بڕوای چاودێرانی سیاسی لە واشنتن ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گۆڕانكاری نوێ لە ناوچەكە دروست دەكات و پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراقیش جیاوازتر دەبێت لە ھەموو حكومەتەكان بە درێژایی مێژووی عێراق. ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن، كە ئەگەر لایەنە شیعەكان حكوومەت بێ كورد و سوننە حكوومەت پێكبھێنن، ئەوا بۆ ھەموو جیھان دەردەكەوێت كە شتێك نەماوە بەناوی عێراقی یەكگرتوو.

لێكدانەوەی واشنتن زێتر بۆ ئەوە دەچێت، ئێران لە رێگەی چڕترکردنی دەستێوەردان و کاريگەريەکانی لە کاروباری ناوخۆی عێراق و ناوچەکەدا، وەڵامی سزای پاشەکشەکردنی کۆشکی سپی بداتەوە لە رێککەوتنە ئەتۆميەکەی نێوانياندا. بۆيە ئەمريکيیەکان زیاتر لە دووربينی چاودێريکردنی ئێرانەوە سەيری  لێکەوتەکانی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق دەکەن.

پۆڵ دەيڤيس، شرۆڤەکارو ئەفسەری هەواڵگري سەربازيی خانەنشينکراولە سوپای ئەمريکا، بردنەوەی شيعەکان بەو شێوازە سەرسوڕهێنەرە بە ئاماژەیەکی خراپ دادەنێت بۆ ئەمريکا و دۆستەکانی لە ناوچەکەدا

لەوبارەوە پۆڵ دەيڤس، بە كوردستان24 گوت: "پێدەچێت پارتە شيعەکان هاوپەيمانێتيەك بێ کورد و سوننە پێکبهێنن ئەمجارە، کە ئەمەش بۆ يەکەمجارە لە مێژووی هاوچەرخی عێراقدا، بێگومان ئەوەش دەرگا بەتەواوی واڵا دەکات بۆ ئێران، من هيوادارم ئەمە دوا بزماربێ لە تابووتی بۆچوونەکانی واشنتن کەوا عێراق وڵاتێکی يەکگرتووە".

د.عەبدولخالق عەبدوڵڵا، پڕۆفيسۆری زانستە سياسيەکان و ئەندامی پەيمانگای وڵاتانی کەنداوی عەرەبی لە واشنتن، لەوباوەڕەدايە رۆڵی کورد لە ناوچەکەدا، ئەمانە هەمووی بەڵگەن کەوا پێکهێنانی حکوومەتێکی سەربەخۆ و سەرکەوتوو لە عێراقدا بێ بەشداريکردنی کورد سەرناگرێت".

ئەو دەڵێت: "ديارە کە ئێستا ئەمريکا بەهێزتر لە جاران دەردەکەوێ لە عێراقدا، هەروەها سعوديەش ئەمڕۆ پێگە و پەيوەندی لەگەڵ عيراق بەهێزترە و ئاشکراشە لەساڵی 2003وە تا ئەمڕۆ ئەوە يەکەمجارە ئەودەنگانەی لە عێراقدا هاوسۆز نين، لەگەڵ دەستێوەردانەکانی ئێران لە هەڵبژاردن سەرکەوتن و ئەنجامی هەڵبژاردنەکانيش لەبەرژەوەندی ئەمريکا وهاوپەيمانانی دان".

بەشێك لە چاودێرانی سياسی لە واشنتن دەڵێن، ئەم قۆناغەی عێراقی پێدا تێپەڕدەبێ  زۆر هەستيار و گرنگە بۆ ئەمريکا. کۆشکی سپیش لەپشت پەردەکانەوە بە چڕيەوە کار لەسەر ئەوە دەکات چنگی ئێران لە ناوچەكە دووربخاتەوە، ئەو دەم وچاوانەی لە لايەن  واشنتنەوە بە تيرۆريست هەژمار دەکرێن نابێ دەسەڵاتی عێراق بگرنە دەست.

ھ.م