پارتی کەرنەڤاڵێکی جەماوەریی لە سلێمانی سازدەکات

وتەبێژی پارتی لە سەرکردایەتی سلێمانی باس لە کاتی کەرنەڤاڵەکە و پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە پارتی دەکات

K24 – هه‌ولێر:

بڕیارە سبەی یەکشەممە، 23/09/2018، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی- هەڵەبجە، کەرنەڤاڵی ناساندنی کاندیدەکانی لە پارێزگای سلێمانی دەستپێدەکات.

لە لێدوانیکیدا بۆ کوردستان24، عەتا شێخ حەسەن، وتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی - هەڵەبجە، رایگەیاند: "سبەی کاتژمێر 2ی پاشنیوەڕۆ لە گۆڕەپانی بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی – هەڵەبجە، کەرنەڤاڵێکی جەماوەری فراوان بە ئامادەبوونی سەرجەم هەڤاڵ و هەوادارانی سەر بڵندی پارتی لە سنووری لقەکانی چوار، یانزدە، دوانزدە و بیست و یەک لە سنووری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی رێکدەخرێت".

لەبارەی ئامادەبوونی بەرپرسانی پارتی لەو کەرنەڤاڵە، عەتا شێخ حەسەن گووتی: "شاندی باڵای مەکتەبی سیاسی ئامادە دەبن و ئامادەکارییەکانیش بۆ ئەو مەبەستە تەواوکراوە".

ئەو وتەبێژەی پارتی نیگەرانی خۆشی لە پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە وێنە و فلێکسی کاندیدەکانی پارتی نیشاندا و ئاشکرایکرد: "دەبوو ئیدارەی سلێمانی بەشێوەیەکی هاوسەنگ مامەڵەی لەگەڵ رەوشی بانگەشە لە سلێمانی بکردایە و بە تەنها وێنەی کاندیدەکانی ئێمە نەکەوتایە بەر لێشاوی لێکردنەوە و دڕاندن و سووتان".

عەتا شێخ حەسەن ئەوەشی نەشاردەوە کە لەلایەن بازگەی پیرەمەگرون- سلێمانی، ئاستەنگ بۆ گواستنەوەی کەرەستەی هەڵبژاردنی پارتی لە هەولێرەوە بۆ سلێمانی دروستکراوە.

لە سەرەتای دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، وەک ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، وێنە و پۆستەری کاندیدانی پارتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی کەوتونەتە بەر لێشاوی دڕاندن و لێکردنەوە و بۆ ئەوەش پارتی داوای پاراستنی رۆحی هەمەڕەنگی سلێمانی دەکات تاکو ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەو پارێزگایە پارێزراو بێت.

H.J