دواجار حكومەتی هەرێم گەیشتە قۆناغی جبەجێكردنی یاسای چاكسازی

"بە جێبەجێ كردنی یاسای چاكسازی هەرێم لە فشارەكانی بەغدا رزگاری دەبێت"
kurdistan24.net

K24- هەولێر:

دواجار ھەرێمی کوردستان گەیشتە قۆناخی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، جێبەجێکردنی یاساکەش ھاوکاتە لەگەڵ گفتوگۆکانی ھەولیر و بەغدا کە ھەرێمی کوردستان دەیەوێـت بەپیێ دەستووری عێراق بگاتە رێکەوتن، ئەندامێکی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمان دەڵێت: بە جێبەجێکردنی یاساكه هەرێمی کوردستان دەتوانێـت پشت بە خۆی ببەستێت. چاودێرێکی سیاسیش پێشنياز دەكات هەرێمی کوردستان رێکەوتنی کاتی لەگەڵ حکومەتی عێراق بكات.

لەكاتێكدا قەیرانی دارایی بووەتە دەرفەتێك بۆ خێرا جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی  وەیسی سەعید، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی  قەیرانی دارایی کەم دەبێتەوە و ھەرێمی کوردستان دەتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت.

هاوكات ئارام رەسول مامەند، چاودێری سیاسی پێشنیاز دەکات، حکومەتی ھەرێمی کوردستان رێکەوتنی کاتی لەگەڵ عێراق بکات، چونکە وەك دووپاتی دەكاتەە، حکومەتەکە کاتیە و دەبێت لە جیاتی بژاردەی خۆ بەدەستەوەدان سەرقاڵی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بن.

ئەمە لەكاتێكدایە، داواکاریەکانی بەغدا لە شاندی ھەرێم بۆ رێکەوتن لەگەڵ مافە دەستوریەکانی ھەرێمی کوردستان ناگونجێن و سەرۆکی حکومەتیش راشکاوانە گوتی: سازش لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان ناکەین، پسپۆرانی سیاسی و یاسایش پێشنیاز دەکەن ھەولێر لە جیاتی تەسلیم بوون بە داواکاریەکانی بەغدا سەرقاڵی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بێت، کە بە  جێبەجێکردنی یاساکە لە فشارەکانی بەغدا رزگاری دەبێت و بەغداش ناچار دەکات رێکەوتنێکی گشتگیر بکات.

H.B