ئەمەریکا هۆشداری بە عێراق دەدات

واشنتن: نابێت عێراق سیستمی بەرگری S300 رووسی بکڕێت
kurdistan24.net

K24 - واشنتن

دەنگۆی گفتوگۆی نێوان عێراق و رووسیا بۆ کڕینی سیستمی موشەکی ئێس300ی رووسی ئەمەریکییەکانی نیگەران کردووە و بەرپرسانی واشنتن داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەن رێککەوتن لەگەڵ رووسیا نەکەن بۆ کڕینی چەک.

جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش دەڵێت "ئامۆژگاری هەموو هاوپەیمانانمان دەکەین سیستمی بەرگریی لە رووسیا نەکڕن، چونکە ئەمە دووچاری ئەو سزایانەیان دەکاتەوە لە کۆنگرێس بڕیاری لەسەردراوە".

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گفتوگۆی نێوان بەغدا و مۆسکۆ لەبارەی کڕینی سیستمی موشەکی س300-ی رووسی لەلایەن عێراقەوە، ئەم هەواڵە لەلایەن ئەمەریکییەکانەوە، ناڕەزایەتی لێکەوتەوە.

جۆوی هود، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "ئەمەریکا رایگەیاندووە کە دەیەوێ پەیوەندیەکانی لەگەڵ عێراق پتەوتر بکا، بۆیە ئامۆژگاری بەغدا دەکەین هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ مۆسکۆ نەکات لەبارەی موشەکی ئێس300".

هود، گوتی: "ئێمە ئامۆژگاری هەموو هاوپەیمانانمان دەکەین سیستمی بەرگریی گەورە لە ووسیا نەکڕن، چونکە ئەمە دووچاری ئەو سزایانەیان دەکات لە کۆنگرێس بڕیاری لەسەردراوە، بۆیە ئێمە ئامۆژگاریان دەکەین وا نەکەن و پێداویستی بەرگری خۆیان لەلایەکی دیکە دابین بکەن".

سەرۆکی قەوارەی کۆمارییەکان لە لیژنەی کاروباری دەرەوە لە کۆنگرێسی ئەمەریکا بڕوای وایە ئەم هەنگاوەی عێراق کاریگەری زۆری دەبێ لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا.

مایک مەکۆڵ، ئەندامی کۆنگرێس دەڵێ: "ئێمە رێز لەسەربەخۆ بوونی عێراق دەگرین و وەک دۆستێک لەوێداین، بەڵام ئەم بیرۆکەیە لەلایەن میلیشیا شیعەکانی سەربەئێرانەوە سەرچاوەی گرتووە، بۆئەوەی رەوشەکە بقۆزنەوە، ئێمە دەزانین ئەمە هاوپەیمانێتی نێوان رووسیا و ئێران و تەنانەت چینیش لەگەڵیاندایە کە ئەمە شتێکی بێزارکەرە، هەڵوێستی ئێمە هەمان هەڵوێستە کە لەگەڵ تورکیا و ئەردۆگان هەمانە لەبارەی کڕینی چەکی رووسی".

بەگوێرەی بۆچوونەکانی ژمارەیەک چاودێری سیاسی لە واشنتۆن، هەوڵەکانی ئەم دواییەی چەند لایەنێکی سیاسی لە بەغدا بۆ دەرکردنی هێزە ئەمەریکییەکان و لە بەرانبەریشدا هەڕەشەی  کۆشکی سپی بۆ سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر عێراق وەک وەڵامێک بۆئەم لایەنانە، رەوشی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی بەجۆرێک لە جۆرەکان ئاڵۆز کردووە، بۆیە ئەم چاودێرانە بەباشی نازانن لە بری ئەوەی بەغدا ئاوێک بەم ئاگرەدا بکات، ئاگرەکە بە ئێس300ی رووسی زیاتر خۆش بکات.

ھ.م