"سه‌رۆك بارزانی به به‌غدای راگه‌یاندووه: ئه‌و خواسته‌ی بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌مان بووه هه‌ر زیندووه و نامرێت"
K24- هه‌ولێر:
له‌كاتی به‌شداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كوردستان 24، مه‌سعوود حه‌یده‌ر، سیاسه‌تمه‌داری كورد له باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ هه‌رێمی كوردستان و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێم دووپاتیكرده‌وه، "سه‌ردانی حه‌لبووسی بۆ هه‌رێم زۆر گرنگه، چونكه رۆڵێكی به‌رچاو بۆ لێكنزیككردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان له‌پێناو تێپه‌ڕاندنی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق ده‌گێڕێت".
تایبه‌ت به كۆبوونه‌وه‌ی حه‌لبووسی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانیش حه‌یده‌ر گوتی: "یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه ناوه‌ندی بڕیاری سیاسی كوردی لای سه‌رۆك بارزانییه و عێراقییه‌كان ئه‌و به مه‌رجه‌عی كورد ده‌زانن و ده‌یانه‌وێت بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی سه‌قامگیری سیاسی عێراق، هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵیدا بكه‌ن".
سه‌باره‌ت به ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كانی حه‌لبووسیش له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێم دووپاتیكرده‌وه، "له كۆبوونه‌وه‌كاندا دۆخی گشتی عێراقیش تاوتوێ كراوه" و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "هه‌تا له‌و سه‌ردانه‌شمان كه له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی بۆ به‌غدا كردمان، جه‌ختمان له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، پێویسته سه‌ركرده‌كانی عێراق ئه‌زموون له‌و هه‌ڵانه‌ی رابردوو وه‌رگرن، كه له ئیداره‌دانی ده‌وڵه‌ت كراون و لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ هه‌ڵده‌نه‌وه و به‌گوێره‌ی ده‌ستوور كیشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن".
مه‌سعوود حه‌یده‌ر ئاشكراشیكرد، "له كۆبوونه‌وه‌ی حه‌لبووسی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێم جه‌خت له‌وه كراوه‌ته‌وه، پێویسته كورد و سوننه و شیعه به هه‌رسێ پێكهاته‌كانه‌وه پشتیوانی له كابینه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ی ببێته زامنی سه‌قامگیری سیاسی"، گوتیشی: "تێگه‌یشتنێك هه‌یه كه به‌ڕاستی پێویسته پرسی شه‌راكه‌تی راسته‌قینه، هاوسه‌نگی له دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و رێزگرتن له ده‌ستوور ببنه بنه‌مای به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی عێراقی، كه بۆ كوردیش پرسی مادده‌ی 140، بودجه و پرسی پێشمه‌رگه ده‌كه‌ونه ئه‌و چوارچێوه‌یه".
ئاشكراشیكرد، "له‌كاتی سه‌ردانه‌كه‌ماندا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی بۆ به‌غدا، سه‌رۆك بارزانی له سه‌رجه‌م كۆبوونه‌وه‌كانیدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عێراق به‌ڕاشكاوانه دووپاتیكردووه‌ته‌وه، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستبه‌رداری مافه نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد و خواسته‌كانی گه‌له‌كه‌مان نابین"، گوتیشی: "سه‌رۆك بارزانی به به‌رپرسانی عێراقی راگه‌یاندووه، ئه‌و خواسته‌ی بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌مان بووه، هه‌ر زیندووه و ده‌ستی لێ هه‌ڵناگرین".
H.B