تۆمەتبارێك لە دەربەندیخان دەستگیر كرا

دانی بە تاوانەكەدا ناوە

K24 - سلێمانی

ھێزەكانی پۆلیس لە دەربەندیخان كەسێكیان بە تۆمەتی سوتاندنی خانووی ھاووڵاتیان دەستگیر كرد.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "هێزەكانی بنكەی پۆلیسی هەوارە بەرزەی سەر بە بەشی پۆلیسی دەربەندیخان تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە هەستاوە بە سوتاندنی چەند خانوویەك".

ئاماژە بەوەكراوە: "رۆژی 9/3/2019، دوو هاووڵاتی سكاڵایان لە بنكەی پۆلیسی هەوارەبەرزەی سەربە بەشی پۆلیسی دەربەندیخان تۆمار كرد كە خانوەكانیان و شوێنی ئاژەڵەكانیان لە گوندی چنارەی سەر بە قەزای دەربەندیخان لەلایەن كەسێكی نەناسراوەوە سوتێنراوە".

پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاندووە: "دوای بە دواداچوونەكانی هێزەكانی بنكەی پۆلیسی هەوارەبەرزە و دەستكەوتنی زانیاری لەسەر رووداوەكە توانرا تۆمەتبار (ش،ع ،م) دەستگیر بكرێت و لەكاتی لێكۆڵینەوەكانیشدا تۆمەتبار دانی ناوە بە تاوانەكەیەدا و ئەوەشی ئاشكرا كردووە، كە ساڵی رابردوو هەمان كاری كردووە لەگەڵ هاووڵاتییەك و خانووەكەی سوتاندووە".

وەك لەو راگەیەندراوە ئاماژەی پێدراوە: "لەئێستادا تۆمەتبار بەفەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی 342 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە".

ھ.م