فوئاد مەعسووم بۆ "قودس" نیگەرانە

"ئەم بڕیارە پێشێلکردنێکی ئاشکرای قانونی نێودەوڵەتیی و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکانە"

K24 - ھەولێر

دوای ئەوەی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكى ئه‌مريكا بڕياری ناساندنی ئۆرشه‌ليم (قودس) وه‌ك پايته‌ختى فەرمی ئيسرائيلیدا، كاردانەوەی چەندین وڵاتی ئیسلامی و عەرەبی بە دوای خۆیدا ھێناوە، لە راگەیەندراوێكدا فوئاد مەعسووم، سەرۆك كۆماری عێراق ئەو بڕیارە رەتدەكاتەوە و دەڵێ "رونیشیکردۆتەوە ئەم بڕیارە پێشێلکردنێکی ئاشکرای قانونی نێودەوڵەتیی و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکانە".

سەرۆك كۆماری عێراق پێیوایە، ئەو بڕیارەی ئەمریكا بۆ بە فەرمی ناساندنی ئۆرشه‌ليم (قودس) وەك پایتەختی ئیسراییل و گواستنەوەی بارەگای باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە شاری تەل ئەبیبەوە بۆ ئۆرشه‌ليم (قودس)، دەرەنجامی مەترسیداری جەنگ و ململانێی چەکداری و پەرەسەندنی تێرۆر کە ناوچەکە و جیهان بەخۆیەوە دەبینێت، دەڵێ "ئەوەی پێشێلکردنی مافە رەواکانی گەلی فەڵەستینی برایە".

ئەوە لە كاتێكدایە دوای رووداوەكانی كەركووك و پێشلكارییەكانی حەشدی شەعبی دژی ھاووڵاتیانی كورد لە كەركووك و خورماتوو فوئاد مەعسووم، بێدەنگی ھەڵبژارد، پاش زیاتر لە مانگێك سەردانی كەركووكی كرد، بەڵام لەلایەن ژمارەیەك لە چاودێرانی سیاسی و ھاووڵاتیانی كورد رەخنەی لێگیرا و سەردانەكەشی ھیچ ئەنجامێكی ئەرێنی بە دوای خۆیدا نەھێنا، فوئاد مەعسووم یەكێكە لە دەستەی دامەزرێنەرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، پێشتر مام جەلال، سكرتێری گشتی كۆچكردووی یەكێتی كەركووكی بە قودسی كوردستان دەزانی، بەڵام فوئاد مەعسووم كە كاندیدی حزبەكەیەتی بۆ شوێنگرتنەوەی مام جەلال، لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، بۆ رووداوەكانی كەركووك ھەڵوێستێكی وەك ئەوەی ئێستای ئۆرشه‌ليم (قودس) دەرنەبڕیووە.