حەشد كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق دیاركرد

"دەبێ سەرۆك وەزیرانی داھاتوو بە رەزامەندی ئێمە بێت"

K24 - ھەولێر

ئەمینداری گشتی عەسائیب ئەهلولحەق رایگەیاند، هادی عامری کاندیدی ئێمەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران.

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیب ئەهلولحەق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "هاوپەیمانێتی فەتح کاریگەری گەورەی لەسەر دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق دەبێت".

 گوتیشی: "هادی عامری، ئه‌مینداری رێكخراوی به‌در و سه‌رۆكی هاوپه‌یمانێتی فەتح، کاندیدی ئێمەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو. لە ئەگەری وەرنەگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران لەلایەن هاوپەیمانێتی فەتحەوە، ئەوا دەبێت ئەوان رەزامەندی لەسەر ئەو کەسە بدەن، کە دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتوو".

هاوپەیمانێتی فەتح، هادی عامری، سەرۆکایەتی دەکات و زیاتر لە 15 یەکەی نێو حەشدی شەعبی لەخۆدەگرێت.

بەھۆی دەسەڵاتی شیعەكان لە عێراق، حەشدی شەعبی لە چەند ساڵی رابردوودا لە رووی سیاسیی و سەربازیەوە دەستی بەسەر دەسەڵاتەكانی عێراقدا گرتووە، لە ھەوڵی ئەوەشدایە لەم ھەڵبژاردنە كاندیدەكانی كە ژمارەیەكیان فەرماندە و بەرپرسی سەربازیین بێنێتە پێشەوە و بە تەواوی پۆستە باڵاكانی عێراق بگرنە دەست.

زیاتر لە ھەفتەیەكە لایەن و قەوارەكانی بەشدار بانگەشەی ھەڵبژاردنیان بۆ خوولی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستپێكردووە، كە بڕیارە لە 12/5/2018 بەڕێوەبچێت.

ھ.م