خاڵە گومرگییەكانی كەركووك ھەڵدەگیرێن

ھەردوو حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و عێراق رێككەوتوون
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

پەرلەمانتارانی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە هەوڵێکی تازەدا دەیانەوێت لابردنی خاڵە گومرکییەکانی نێوان کەرکووك و شارەکانی هەرێمی کوردستان بکەنە بڕیار و ئەم بابەتە چووەتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانەوە و بڕیارە لەم هەفتەیەدا گفتوگۆی لەسەر بکرێت. پەرلەمانتارێکیش دەڵێ، ئەو خاڵە گومرگیانە هەڵدەگیرێن.

دانانی ئەو خاڵانە بە تەواوی کاریگەریان لەسەر بازاڕ جێهێشتووە، بە جۆرێك پیاوێکی عەرەب كە پیشەی فەرش فرۆشییە لە بازاڕی كەركووك دەڵێت "لە دوو کارواندا بڕی 30 ملیۆن دیناریان لێ سەندووین، ئێمەش ناچارین نرخی فەرش زیاد بكەین و ئەو پارەیە لە خەڵك بسێنین".

بڕیار بوو لەم هەفتەیەدا ئەو خاڵە گومرگییەكانی نێوان كەركووك و شارەكانی دیكەی ھەرێمی كوردستان هەڵگیرین، ئەمەش بەپێی رێكکەوتنێکی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵام تائێستا رێکكەوتنەکە لای سەرۆك وەزیرانی عێراقە و بابەتەکە لەسەر واژووی ئەو ماوەتەوە، کورد دەیەوێت له رێگەی پەرلەمانی عێراقەوە هەڵگرتنی خاڵە گومرگییەکان بکاتە بڕیار.

د. بێستون زەنگەنە، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە كوردستان24 راگەیاند: "لەسەر ئەو بابەتە لە پەرلەمانی عێراق فشاری زۆرمان دروستكردووە، دەبوایە لەم ھەفتەیە بڕیاری لەسەر درابوایە، ئومێد دەكەین لە ھەفتەی داھاتوو لە پەرلەمانی عێراق بڕیاری لەسەر بدرێت".

زیانمەندی یەکەم لە دانانی خاڵە گومرگییەکان هاووڵاتیان و کاسبکارانن، بەو پێیەی کە لەلایەك جمجۆڵی بازاڕی لاواز کردووەو لەلایەکی دیکەش شتومەك و کاڵاکانیان گران بووە.

هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر 27  خاڵ رێكکەوتوون لەبارەی دەروازە سنوورییەکان و هەڵگرتنی خاڵە گومرگییەکانی نێوان کەرکووك و شارەکانی  هەرێمی کوردستان، بەڵام هێشتا رێكکەوتنەکە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ھ.م