سه‌رۆك بارزانی بۆ په‌رله‌مانتارانی پارتی: بە خزمەتكردن وەڵامی متمانه‌ی خەڵكی كوردستان بدەنەوە

"خۆتان لە هەر جۆرە موزایەدەكردنێك بە دوور بگرن"

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارانی پارتی له‌ خوولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان كۆبووه‌ و داوای لێكرد، به‌ خزمه‌تكردنی گه‌لی كوردستان، وه‌ڵامی متمانه‌ی خه‌ڵك بده‌نه‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵێكی وێبسایتی فه‌رمی سه‌رۆك بارزانی، ئه‌مڕۆ چوارشەممە 21ـی 11ـی 2018 لە سه‌ڵاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خوولی پێنجەمی پارلەمانی كوردستان كۆبۆوە.

سەرۆك بارزانی رۆشنایی خستە سەر دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی كوردستان و عێراق له‌ قۆناغی دوای ریفراندۆم و رووداوەكانی دواتر و هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پارلەمانی كوردستان و رایگەیاند، بایەخی بردنەوەی پارتی لە هەڵبژاردنەكانی عێراق لەوەدا بوو كە سەنگ و پێگەی پارتی لەناو كوردستان و عێراق پێشانی هەموو لایەك دا و سەرباری بوونی كێشەو گرفتی زۆر و ئابڵۆقە و رووداوەكانی مانگی ئۆكتۆبەری 2017، بەڵام پارتی توانی ببێتە حزبی یەكەم لەسەر ئاستی عێراق.

سه‌رۆك بارزانی، سه‌ركه‌وتنه‌كانی پارتیشی به‌ گرنگ و گه‌وره‌ وه‌سف كرد و رایگه‌یاند، ئەوەش سەركەوتنێكی گەورە بوو بۆ پارتی و هۆكاری ئەو سەركەوتنەشی بۆ هەڵوێستەكانی پارتی و وەفای گەلی كوردستان گەڕاندەوە بەرانبەر پارتی دیموكراتی كوردستان.

لە درێژەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە بردنەوەی پارتی لە هەڵبژاردنەكانی كوردستان دەستی پارتی كراوە دەكات لەوەی كار بۆ كوردستانێكی بەهێز و گۆڕانكاریی بنەڕەتی بكات.

سەرۆك بارزانی سوپاسی گەلی كوردستانی كرد كە دووبارە متمانەی بە پارتی بەخشیەوە و بە پێویستیشی زانی كە پارتی و ئەندامانی فڕاكسیۆنی پارتی لە پارلەمانی كوردستان لە ئاست متمانەی خەڵك بن و وەڵامی وەفا و متمانەی خەڵك بە خزمەتكردنی گەلی كوردستان بدەنەوە.

داوایشی كرد كە داواكاریی خەڵك بە هەند وەربگیرێت و لە ئێشوئازاری خەڵك بگەن و ئەندام پارلەمانەكانی پارتی خۆیان لە هەر جۆرە موزایەدەكردنێك بە دوور بگرن و لەو پەڕی تەوازوعەوە ئامانجی سەرەكیان كاركردن بێت بۆ چارەكردنی گرفتەكانی خەڵك.

لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی هەرێمی بەغدا سەرۆك بارزانی هیوای خواست كە نیازپاكیی تەواو هەبێت لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق لەمەڕ پابەندبوون بە هەر سێ پڕەنسیپی شەراكەت لە حوكمڕانی و تەوافوق لە یاسادانان و تەوازون لە دامودەزگەی حكوومی.

لەبارەی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ئەو بارودۆخە و سەپاندنی ئەو واقیعە سەربازییەی ئێستا لەو ناوچانە هەیە پێویستە كۆتایی بێت و بەردەوامبوونی قابیلی قبوڵ نییە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا لەبارەی چۆنیەتیی كاركردنی فڕاكسیۆنی پارتی و هێڵە گشتییەكانی سیاسەتی پارتی لەبارەی حكوومەتی ئاییندە و پڕۆسەی سیاسی سەرۆك بارزانی ئامۆژگاری و بەرچاوڕوونیی پێویستی بۆ ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە خستەڕوو.

ئ. م