جووتیاران گەنمەكانیان ھەرزانفرۆش دەكەن
K24 - گەرمیان
بەھۆی نەبوونی سایلۆ و وەرنەگرتنی دانەوێڵەی جووتیاران لەلایەن حکوومەتەوە، جووتیارانی ھەرێمی كوردستان بە گشتی و جووتیارانی گەرمیان بەتایبەتی، ناچارن بەرھەمەکانیان بەنرخێکی ھەرزان بفرۆشنەوە بازرگانە عەرەبەکان. بۆ چارەسەری ئەو کیشەیەش حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دروستکردنی سایلۆیەکی بەبڕی 20 ملیار دینار لەسەر رووبەری 50 دۆنم زەوی لەگەرمیان داوە و بڕیارە بەم نزیكانە دەست بە دروستکردنی سایلۆکە بکرێت.
ئەرسەلان قادر، یەكێكە لە جووتیارانی گەرمیان، بە كوردستان24 گوت: "بە سوپاسەوە عەرەبەكان گەنمان لێدەكڕن، چونكە تائێستا سایلۆیەك لە كوردستان نییە، تا گەنمی جووتیاران وەربگرێت، ھیچ بەرپرسێك ئاگاداری ژیان و گوزەرانی جووتیاران نییە، ئەگەر سایلۆ لە كوردستان ھەبێت، نرخی گەنم گرانتر دەبێت و پارەكەش بۆ خۆمان دەگەڕێتەوە نەك بچێتە بەغدا".
جووتیارێكی دیكەی گەمیان بەناوی سەرچڵ جهبار، دەڵێت: "بەھۆی مانەوەی گەنم و نەفرۆشتنی زۆری لێ بەفیڕۆ دەچێت، چونكە چۆلەكە و ئاژەڵان دەیخۆن، ھۆكارەكەشی ئەوەیە ھیچ سایلۆیەك لە كوردستان نییە تا گەنمەكەمان لێوەربگرێت".
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دروستكردنی سایلۆیەکی داوه لە سنووی ئیدارەی گەرمیان و چاوهڕوان دهكرێت بەم زووانە كاركردن له پڕۆژهكه دهست پێ بكات بۆ ئهوهی چیتر جووتیارانی گهرمیان رهنج به خهسار نهبن و دانهوێڵهكانیان ههرزانفرۆش نهكهن.
لەو بارەوە ئیسماعیل محهمەد، بەڕێوەبەری بەشی دانەوێڵە لە کشتوکاڵی گەرمیان بە كوردستان24 گوت: "پڕۆژەی دروستكردنی سایلۆیەك لە گەرمیان بڕیاری لێدراوە و بەمەش كێشەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران چارەسەر دەبێت و ناچار نابن گەنمەكەیان بە ھەرزان بفرۆشن".
جووتیارەکانی سنووری گەرمیان ساڵانە نزیکەی 800 ههزار تۆن گەنم و جۆ بەرهەم دێنن، بهڵام نەبوونی سایلۆ و بێ پلانی له وەرنەگرتنی بهرههمهكانیان لە کاتی دروێنە کردندا بووهتە هۆکاری ئەوەی هەم جووتیارەکان لە پیشهكهی خۆیان دڵ سارد ببنەوه هەمیش دانەوێڵەکانیان ههرزانفرۆش بكهن، وەك خۆیان دەڵین بهم ھۆکارانە رەنج و ماندووبوونیانی بەھەدەر دەڕوات.
ھ.م