پێشمه‌رگه به قوڵایی 10 كیلۆمه‌تر چوونه‌ته پێشه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی دوایین زانیاریی په‌یامنێرانی كوردستان 24 له به‌ره‌كانی شه‌ڕه‌وه، كه‌مێك پێش ئێستا فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانان ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوی چه‌كدارانی داعشیان له نزیك گوندی "ستیح" ته‌قاندووه‌ته‌وه له‌وكاته‌ی ویستوویه‌تی خۆی به هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا بته‌قێنێته‌وه.
تا ئێستا به قوڵایی "10" كیلۆمه‌تر پێشمه‌رگه پێشڕه‌وی كردووه و سێ گوندیان له‌و سنوره كۆنترۆڵكردووه، و زیاتر له‌و سنوره‌ی كه له قۆناغی یه‌كه‌می پلانی ئۆپراسیۆنه‌كه‌دا هه‌بووچوونه‌ته پێشه‌وه.
له كاتژمێر 5:00 ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، له هه‌ر دوو میحوه‌ری خاز و گوێر، ئۆپراسیۆنێكیان بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی "11" گوند و ناوچه ده‌ستپێكرد.
ئۆپراسیۆنه‌كه به سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی "مه‌سعود بارزانی" فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به‌ڕیوه ده‌چێت، و تا ئێستا هێزی پێشمه‌رگه توانیوویانه هه‌ر دوو گوندی "قه‌رقه‌شه" و "ئه‌بزه‌غ" له ده‌ست چه‌كدارانی داعش رزگار بكه‌ن و به قوڵایی زیاتر له "5" كیلۆمه‌تر پێشڕه‌وی بكه‌ن و له كۆنترۆڵكردنی گوندی "حه‌مره" نزیكبوونه‌ته‌وه.
ئه‌و گوند و ناوچانه‌ی ئۆپراسیۆنه‌كه‌ی تێدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ناوچه‌ی كوردستانییه و دانیشتوانی به‌شێكیان توركمانه شیعه مه‌زهه‌به‌كانن.
به گویره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێرانی "كوردستان 24" چه‌كدارانی داعش به‌رگرییه‌كی ئه‌وتۆیان بۆ نه‌كراوه و له‌و دوو گونده‌ی كۆنترۆڵكراوه، ته‌نها ته‌قه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كییان كردووه و باره‌گای سه‌ره‌كی چه‌كدارانی داعش له‌و ناوچه‌یه كه‌وتبووه گوندی" ئه‌بزه‌غ" و باره‌گای سه‌ره‌كییان كۆنترۆڵكراوه و زیاتر له "10" چه‌كداری ئه‌و ڕێكخراوه كه له خانوویه‌كی گه‌وره‌دا بوون، كوژراون و خانووه‌كه‌یان به‌سه‌ر دا ڕووخێنراوه.
په‌یامنێری كوردستان 24 له گوندی "ئه‌بزه‌غ" رایگه‌یاند، قوناغی یه‌كه‌می ئۆپراسیۆنه‌كه كۆتایی هاتووه و ئه‌و شوێنانه‌ی بۆ پێشمه‌رگه دیاریكرا بوو، توانیوویانه زیاتر بچنه پێشه‌وه و زیاتر له "10" كیلۆمه‌تر چوونه‌ته ناو قوڵایی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌وه.
له پێشڕه‌وییه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا ژماره‌یه‌ك ئۆتۆمبێل و چه‌ك و تۆپی دوورهاوێژی چه‌كدارانی داعش تێكشكێنراوه،كه پێشتر له‌و ناوچانه‌وه تۆپبارانی ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی پێشمه‌رگه‌یان ده‌كرد.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری "كوردستان 24" ئه‌و ناوچانه‌ی ئۆپراسیۆنه‌كه‌ی تێدا به‌ڕێوه ده‌چێت ناوچه‌یه‌كی ستراتیژییه و مه‌ترسی داعش له‌سه‌ر ناحیه‌ی "گوێر" و ناوچه ئازادكراوه‌كانی دیكه كه‌م ده‌كاته‌وه و هێزی پێشمه‌رگه زیاتر له موسڵ نزیك ده‌بنه‌وه.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به پلانێكی تۆكمه‌وه ئۆپراسیۆنه‌كه‌یان ده‌ستپێكردووه و له چه‌ند جێگه‌یه‌ك چه‌كدارانی داعشیان گه‌مارۆداوه و رێگه‌ی هه‌ڵاتنیان لێ‌گرتوون و به‌شێكی زۆری ئه‌و چه‌كدارانه ڕێگه‌ی ده‌ربازبوونیان نه‌ماوه.
ته‌نها ڕێگرییه‌ك له به‌رده‌م هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ئه‌و بۆمبه چێنراوانه‌ی چه‌كدارانی داعشه، كه له‌سه‌ر ڕێگا و ناو گونده‌كان دایانناوه‌ته‌وه و پێویست به‌وه ده‌كات تیمه‌كانی ئه‌ندازه‌ی پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی بۆمبه‌كان هه‌ڵیانبگرنه‌وه و تا زیان له پێشمه‌رگه‌كان دوور بخه‌نه‌وه.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان 24 له شه‌وی رابردووه‌وه هێزی دژه‌تیرۆر چه‌ندین كه‌سیان ناردبووه ناو قوڵایی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش و له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی ئۆپراسیۆنه‌كه‌دا له‌سه‌ر خانوو ماڵه‌كان ئاڵای كوردستانیان هه‌ڵكردووه.
تا ئێستا پێشڕه‌وی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به‌رده‌وامه و فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش له ئاسمانه‌وه پاڵپشتی هێزی پیشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌كه‌ن.