کۆنتڕۆڵکردنی دواین پێگەی داعش رەتدەکرێتەوە

کوردستان24 زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات

K24 – هه‌ولێر:

ئەکرەم ساڵح، پەیامنێری کوردستان24 لە دێرلزوور لە زاری بەرپرسانی هەسەدە ئاشکرایکردووە، هێشتا دواین پێگەی داعش لە سووریا کۆنتڕۆڵنەکراوە.

بەگوێرەوی زانیارییەکان، داعش کەمتر لە دوو کیلۆمەتر چوار گۆشەی لە رۆژهەڵاتی فوڕات لە دەست ماوە.

پێشتر، روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندبوو، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دواین پێگەی داعشی لە سووریا کۆنتڕۆڵکردووە، بەڵام ئەم هەواڵە لە لایەن هەسەدە پشتڕانەکرایەوە.

بە یارمەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، هێزە زۆرینە کوردییەکەی هەسەدە چەند رۆژێکە دواین ئۆپەراسیۆنی دژ بە داعش دەستپێکردووە و ماوەی دوو رۆژە، جەنگ لە گوندی باغوز لە رۆژهەڵاتی رووباری فوڕات کە دواین پێگەی داعشە بەردەوامە.