سه‌رۆك بارزانی ده‌ستخۆشی له‌ هه‌ڵوێسته‌ نیشتمانییه‌كانی كوردانی ئێزدی ده‌كات

جه‌ژنی جه‌مایێ ئێزدیان پیرۆز ده‌كات و ده‌ڵێت: كوردی‮ ‬ئێزدی‮ هەمیشە شانازی‮ ‬بە كولتوور و هەڵوێستی‮ ‬نەتەوایەتی‮ ‬و كوردستانییەوە دەکەن

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌ بۆنه‌ی جه‌ژنی جه‌مایێ، پیرۆزبایی له‌ كوردانی ئێزدی ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، كوردی ئێزدی هەمیشە شانازی بە كولتوور و هەڵوێستی نەتەوایەتی و كوردستانییەوە دەکەن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌دا، بارزانی ده‌ستخۆشی له‌ كوردانی ئێزدی ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، لە ریفراندۆمی ٢٥ـی ئەیلوولیشدا جارێکی دیكه‌ ئەوەتان بۆ هەموو لایەک سەلماندەوە کە هیچ هێزێک ناتوانێت ئێوە لە گەلی کوردستان داببڕێت.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "بۆ ئەو هەڵوێستە نیشتیمانییەتان دەستخۆشیتان لێ دەکەم".

ده‌قی په‌یامی پیرۆزبایی سه‌رۆك بارزانی، بۆ كوردانی ئێزدی:

سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەژنی جەمایێ لە سەرجەم ئێزدیانی كوردستان و جیهان پیرۆز دەكات

بەناوی خوای مەزن و دلۆڤان

بە بۆنەی جەژنی جەمایێ، پیرۆزبایی گەرمم ئاراستەی سەرجەم ئێزدیانی كوردستان و جیهان دەكەم.

كوردی ئێزدی هەمیشە شانازی بە كلتوور و هەڵوێستی نەتەوایەتی و كوردستانییەوە دەکەن و لەو پێناوەدا خەباتیان کردووە و قوربانییان داوە و لە ڕیفراندۆمی ٢٥ـی ئەیلوولیشدا جارێکی تر ئەوەتان بۆ هەموو لایەک سەلماندەوە کە هیچ هێزێک ناتوانێت ئێوە لە گەلی کوردستان داببڕێت و بۆ ئەو هەڵوێستە نیشتیمانییەتان دەستخۆشیتان لێ دەکەم.

هیوادارم جەژنی جەمایێ و هەموو بۆنە ئاینییەکانتان بە خۆشی بۆ بگەڕێنەوە و بە گوڕ و تینێكی زیاتر، خزمەتی گەل و وڵات و ئایینەكەتان بكەن.

مه‌سعود بارزانی  

١٢ـی١٠ـی٢٠١٧