رووسیا کەوتە تەڵەی خۆیەوە

"سووریا فڕۆکەکەی ئێمەی خستوەتە خوارەوە"

K24 – هه‌ولێر:

وەزارەتی بەرگری رووسیا خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەیان لەلاین سوپای سووریاوە پشتڕاستکردەوە کە دوێنێ لە ئاسمانی سووریادا بە 14 سەرنشینەوە ونبوبو.

پێشتر، وەزارەتی بەرگری رووسیا لە بڵاوکراوەیەکیدا رایگەیاندبوو: "لەکاتی هێرشی چوار فڕۆکەی ئیسرائیل بۆ لازیقییە، بنکەی ئاسمانی حمێمیم پەیوەندی لەگەڵ فڕۆکەکەمان پچڕاوە، گەڕانیش بە دوای ئەو فڕۆکەیە بەردەوامە".

تەلەڤزیۆنی فەرمی حکوومەتی رووسیا(تاس)، پەنجەی تۆمەتی بۆ کەشتییە جەنگییەکانی فەرەنساش درێژکردبوو و نوسیبووی، هێرشەکانی ئیسرائیل بە یارمەتی کەشتییە جەنگییەکانی فەرەنسا بووە لە دەریای ناوەڕاست.

بەهۆی تۆمەتبارکردنیان، واشنتن و پاریس، بەیاننامەی خۆیان بڵاوکردۆتەو و رەتی دەکەنەوە بەشداریان لە هێرشەکانی سەر لازقییە کردبێت، بەڵام بەرپرسێکی ئەمەریکی بە تۆڕی هەواڵی سی ئین ئێن گوتووە: "فڕۆکە رووسیەکە لەلایەن یەکەی بەرگری ئاسمانی سووریاوە بە هەڵە و لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی فڕۆکەکانی ئیسرائیل کراوەتە ئامانج و خراوەتە خوارەوە".

ئەو بەرپرسە ئاشکراشیکردووە: "فڕۆکەکە بەو مووشەکە خراوەتە خوارەوە کە رووسیا داویەتی بە سوپای سووریا".

لە نوێترین بڵاوکراوەیدا، وەزارەتی بەرگری رووسیا وتەکانی ئەو بەرپرسەی ئەمەریکای پشتڕاستکردەوە و نووسیویەتی: " فڕۆکەکەمان بە سیستمی بەرگری مووشەکی ئێس- 200 لەلایەن سووریاوە خراوەتەوە خوارەوە".

سیستمی بەرگری مووشەکی ئێس-200 لە ساڵی 1960 لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو دروستکراوە و لە ساڵی 1983 حکوومەتی سووریا ئەو سیستمەی کڕیوە و لەجەنگی ناوخۆی سووریاشدا بەکارهاتووە.

H.J