خەونەکانی پیاوە پرتەقاڵیەکە ناوی کوردستان دەباتە ھیندستان

چیرۆكی زیندانەكانی داعش دەگێڕێتەوە

K24 - ھەولێر

نوێترین کورتە فیلمی خانمی سینەماکاری کورد شـــیرین جیھانی، بە ناوی (Orange Man Dreams) خەونەکانی پیاوە پرتەقاڵیەکە، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی (گوا) لە وڵاتی ھیندستان لە پێشبرکییە.

عیسا مێرگەسۆری، پرۆدیسەری فیلمەکە رایگەیاند کە Orange Man Dreams کورتە فیلمێکی نوێی شیرین جیھانییە، کە باس لە خەون و قۆناخەکانی ژیانی کەسێك دەکات، کە کەوتووتە زیندانەکانی داعش و چاوەڕوانی مەرگ دەکات، ھەمیشە رۆژە خۆشەکانی دەرەوەی زیندان کە لەگەڵ ھاورێکانی یان ماڵەوەی بە سەر بردووە دێنەوە بە چاوی و بەو خەیاڵانەوە دەژیت، ھەروەھا باس لە رەفتار و رووداوە مەرگبارەکانی داعش دەکات کە چۆن ھەنگاو بە ھەنگاو بە پیر مەرگەوە دەیان بەن".

لە 27 و28ی ئەم مانگە خوولی پێنجەمینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی GOA لە ھیندستان بەرێوەدەچێت، کە فیلمی (خەونەکانی پیاوە پرتەقاڵیەکە) بە ناوی ھەرێمی کوردستان بەشداری لەو فێستیڤاڵە دەكات.

ئەکتەرەسەرەکییەکانی ئەو فیلمە پێکدێن، لە عەلی ئەکبەری و دڵنیا کامووسی و ئارینا عیسا و ئیبۆ عەفرینی و بە کامێرای بھنام جاک لە چەند ناوچەیەکی کوردستان وێنەی گیراوە و مۆنتاژ کراوە و لە دەرەوەی وڵات کاری دەنگ و میوزیکی بۆ کراوە.

دیمەنێكی فیلمەكە
دیمەنێكی فیلمەكە