یه‌كه‌م وڵاتی عه‌ره‌بی له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ی توركیا بۆ عه‌فرین هاته‌ ده‌نگ

له‌شكركێشی توركیا سه‌ركۆنه‌ ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

فەرەنسا داوای راگرتنی ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر عەفرین و کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات.

جان ئێف لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند دەبێت تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر هێزە کوردییەکان لە عەفرین رابگرێت، چونکە ئەوان بەشێکن لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.  گوتیشی پێویستە ئەنجوومەنی ئاسایش کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام بدات و تێیدا ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر عەفرین تاوتوێ بکرێت.

هاوکات كۆماری میسر، وه‌ك یه‌كه‌م وڵاتی عه‌ره‌بی له‌سه‌ر ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی توركیا به‌رامبه‌ر به‌ عفرینی رۆژئاوای كوردستان هاته‌ ده‌نگ و كاره‌كانی توركیای سه‌ركۆنه‌ كرد.

وەزارەتی دەرەوەی میسریش لە راگەیه‌ندراوێكدا وێرای سەرکۆنەکردنی ئۆپەراسیۆنی توركیا بۆ سەر عەفرین، رایگەیاندووە کە ئۆپەراسیۆنی توركیا بۆسەر عەفرین پێشێلكردنی سەروەری خاكی سووریایە.

دوێنێ ئێوارە سوپای تورکیا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی عەفرینی لەژێر ناوی چڵەی زەیتوون دەستپێکرد.