منداڵێك بە گولـلەی تفەنگی باوكی گیانی لەدەستدا

پۆلیسی راپەڕین زانیاری لەبارەی رووداوەكە ئاشكرا دەكات

K24 - سلێمانی

ئەمڕۆ تەرمی منداڵێكی تەمەن چوار ساڵە، گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی قەزای رانیە و دەركەوتووە كە بەھۆی بەركەوتنی گولـلە گیانی لەدەستداوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "ئەمڕۆ 7 / 7 /2018، تەرمی منداڵێکی تەمەن چوار ساڵ لە رەگەزی مێ بەناوی ( ڕ،م،ٲ ) دانیشتووی گوندی هەنجیرەی تازەی سەر بە قەزای رانیە، هێنرایە نەخۆشخانەی گشتی رانیە، کە شوێنەواری یەک فیشەك بەسەر سەریەوە هەیە".

پۆلیسی راپەڕین ئاماژە بەوە دەكات: "لە گەڵ بیستنی هەواڵەکە دەستبەجێ ئەفسەری ئێشکگری بەشی پۆلیسی رانیە و  بەڵگەوتاون و بنکەی پۆلیسی کێوەڕش گەشتنە شوێنی رووداوەکە و دەستگیرا بەسەر چەکی بەکارهاتوو لە جۆری کڵاشنکۆف".

ئەوەش خراوەتەڕوو: "مەلەفی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە، بە وتەی باوکی منداڵەکە رووداوەکە لەکاتێكدا بووە کە باوکی بەناوی ( م،ٲ،م ) پیشەی پێشمەرگە خەریکی خۆئامادەکردن بووە بۆ دەوام، بەڵام لەوکاتە دەچێتە دەرەوە سەرقاڵی هەندێك کاری ماڵەوە بووە لەوکاتەشدا برایەکی منداڵەکە بەناوی ( ح٫م،ٲ ) تەمەن 10 ساڵ دەستکاری چەکەکەی کردووە و فیشەکێك لەدەستی دەرچووە و بەری سەری کچەکەی کەوتووە".

لە راگەیەندراوەكەی پۆلیسی راپەڕین ئاماژە بەوەكراوە: "تەرمی منداڵكە رەوانەی پزیشکی دادوەری رانیە كرا و دوای ئەنجامدانی توێکاری پزیشکی بۆ تەرمەکەی رادەستی کەسوکاری کرایەوە. لەسەر رووداوەکە باوکی منداڵەکە بە بڕیاری دادوەر راگیرا بەپێی ماددەی ( 411) لە یاسای سزادانی عێراقی، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە".

ھ.م