هاووڵاتییان بۆ حزبه‌كان: شه‌ڕی پله‌ و پۆست مه‌كه‌ن

"كابینه‌ی نۆ بكه‌نه‌ وێستگه‌ی خزمه‌تكردنی خه‌ڵك"
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

خه‌ڵك داوا ده‌كه‌ن لایه‌نه‌كان په‌له‌ بكه‌ن له‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پێكه‌وه‌ خزمه‌تی خه‌ڵك بكه‌ن، نه‌ك شه‌ڕی پله‌ و پۆست، شاره‌زایه‌كی سیاسیش پێیوایه‌، پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم نزیكه‌ و رێككه‌وتنی لایه‌نه‌كانیش له‌سه‌ر ته‌واوی گرفته‌ سیاسيیه‌كان به‌ هۆكارێكی سه‌ركه‌وتنی حكوومه‌تی داهاتووی كوردستان ده‌زانێت.

لایه‌نه‌ سیاسيیه‌كان سه‌رقاڵی چۆنێتی پێكهێنانی كابینه‌ نۆیه‌من، خه‌ڵكیش چاوه‌ڕوانه‌‌ و داواده‌كه‌ن حزبه‌كان شه‌ڕی پله‌ و پۆست نه‌كه‌ن و هه‌موویان پێكه‌وه‌ حكوومه‌تی داهاتوو بكه‌نه‌ وێستگه‌ی كاری هاوبه‌شیان بۆ خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی كوردستان.

له‌ماوه‌ی دوو مانگی رابردوو چه‌ندین دیدار و گفتوگۆی نهێنی و ئاشكرا له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسیيه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ نوێكه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سروور بارزانی ئه‌نجامدراوه‌ و خه‌ڵكیش چاوه‌ڕوانی زۆر و ئومێدی زۆریان به‌ حكوومه‌تی داهاتووی كوردستان هه‌یه‌.

شاره‌زایه‌كی سیاسیيش پێیوایه‌ پێكهینانی كابینه‌ی نۆیه‌م نزیكه‌ و حكوومه‌تی داهاتووش به‌ سه‌ركه‌وتوو وه‌سف ده‌كات گه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری گرفته‌ سیاسیه‌كان بكرێت.

پارتی وه‌ك براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن ده‌یانه‌وێت دڵنیابنه‌وه‌ له‌ به‌رپرسیارێتی هاوبه‌ش و كاری هاوبه‌شی ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه ‌خواستی به‌شداریكردنی حكوومه‌تی هه‌رێمیان هه‌یه‌.

كوردستان24 زانیویه‌تی پارتی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌و باره‌وه‌ هه‌نگاوی باشیان ناوه‌، چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت پارتی سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوو گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێم چڕتر و فراوانتر بكات.

ئ. م