مه‌حموود سه‌نگاوى: کێشەکانی یەکێتی هەمووی لەسەر دەسەڵاتە

ئێمه‌ كێشه‌ى فيكريمان نييه‌ و هه‌مووى له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌"

K24 – هه‌ولێر:

مه‌حموود سەنگاوی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، رەخنەی "توند" لە مەلا بەختیار کارگێڕی مەکتەبی سیاسی حزبەکەی دەگرێت و له‌ باره‌ى كێشه‌كانى ناو يه‌كێتييه‌وه‌ ده‌ڵێت: "ئێمه‌ كێشه‌ى فيكريمان نييه‌ و هه‌مووى له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌".

سه‌نگاويى له‌ چاوپێكه‌وتنێكيدا له‌گه‌ڵ به‌شى كوردى راديۆى ده‌نگى ئه‌مريكا هێرشيكرده‌ سه‌ر مه‌لا به‌ختيار و رايگه‌ياند، "دۆخی ناو یەکێتيی باش نیيە، ئەویش بەهۆی هەندێک برادەری خۆمانەوە کە ڕۆژانە لێدوانی خراپ خراپ دەدەن، دەیانەوێت لایەنە سیاسیيەکان بکەنە دوژمنمان دەیانەوێت کێشەمان بۆ درووست بکەن، هەرچەندە ئێمە گەڕاوینەتەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی، بەڵام بەهۆی ئەو برادەرانەوە هێشتا ناتەباین، ئەوە یەکێک لەوانە لێدوانەکەی مەلا بەختیار بۆ دەنگی ئەمریکا لەسەر دکتۆر بەرهەم. بەرهەم تازە ڕۆیشتووە خوا حافیزی بێت، ئێمە نامانەوێت بەرهەم دوژمنمان بێت دەمانەوێت لە دوا رۆژدا ببێتە دۆستمان، بەڵام ئەو برادەرە (مەلا بەختیار) بەو قسانەی لەسەر دکتۆر بەرهەم وا دەکات ئەویش لە دواڕۆژدا ببێتە دوژمنمان هەروەک حیزبەکانی تر."

پێشتر مه‌لا به‌ختيار به‌ ده‌نگى ئه‌مريكاى راگه‌ياندبوو، "لەدواین كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و ئەنجوەمەنی سەركردایەتیش بڕیاریاندا، بەرهەم ساڵح یەكێتی نییە و هەموو ئەو كەسانەی لەناو یەكێتین لەهەر پلە و پایەیەكدا بن، بەڵام لە لیستەكەی بەرهەم ساڵح بن دەردەكرێن‌ و هەموو ماڵ و موڵكی یەكێتیان لێدەسەنرێتەوە و موچەیان لە یەكێتی دەبڕێت".

مەلا بەختیار ئه‌وه‌شى وتبوو: "قسە هەیە کە کۆمەڵێک بەرپرسی یەکێتی لە ناو یەکێتیدا کار و بانگەشە بۆ لیستەکەی بەرهەم دەکەن، جموجۆڵی گوماناویش هەیە کە لە ناو یەکێتیدا خەڵکانێک هەن کە کار بۆ بەرهەم دەکەن، بۆیە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهاتووە لەسەر ئەو کەسانە دوای دڵنیابوونەوە ئەگەر ئەندامی مەکتەبی سیاسی بن؛ ئەوا ئەندامێتیان تا کۆنگرە هەڵدەپەسێردرێت بۆ ئەوەی کۆنگرە بڕیاریان لەسەر بدات، بەڵام ئەگەر خوار مەکتەبی سیاسی بن ئەوا دەردەکرێن لە ناو یەکێتی."

له‌ وه‌ڵامى ئه‌و قسانه‌ى مه‌لا به‌ختياردا، سه‌نگاويى به‌ ده‌نگى ئه‌مريكاى وتووه‌: "یەکێک لەو کەسانەی باس دەکرێت و ناوی دەهێنرێت منم، بەڵام ئەو کەسەی لیژنەی لێکۆڵینەوە لەسەر من پێکدێنێت سەری باوکیشی لە تاشە بەرد دا لەبەر ئەوەی من یەکێتیم، هیچ کەس و هێزێک ناتوانێت من لە یەکێتی دەربکات هیچ بانگەشەم بۆ لیست و لایەنی تر نەکردووە، ئەگەر بانگەشە بۆ لیستی تر بکەم لە یەک کەس ناترسم جگە لە خوا لە خوار ئەوە حساب بۆ هیچ کەس ناکەم بێ منەتم هەموو تەمەنم لە پێشمەرگایەتی سەرف کردووە، ئێستاش کە قسە لەگەڵ ئێوە دەکەم هەر پێشمەرگەم."

سه‌باره‌ت به‌ به‌رهه‌م ساڵح، مه‌حموود سه‌نگاويى گوتيشى: "دیارە دکتۆر بەرهەم دەستلەکارکێشانەوەی خۆی نوسیوە و داوێتی بە مەکتەب سیاسی، بەڵام ئەگەر ئەوانی تر بیانەوێت لیژنە لەسەر ئێمە دروست بکەن؛ ئەوا ئێمە خۆمان لەوان زۆر بە یەکێتی تر دەزانین، من نایشارمەوە بەرهەم ساڵحم خۆش دەوێت و سەردانی دەکەم، بەڵام من یەکێتیم. بڕوام بە ڕێبازی یەکێتی هەیە. بڕوام بەوە هەیە لەناو یەکێتی لەسەر ڕێبازی جەنابی مام جەلال خەبات بکەم. دژی هیچ لایەنێکی سیاسی نەبم، بەڵکو بەپێچەوانەوە دۆستی هەموو لایەنەکانم لە باتی ئەو هێرشەی بۆ سەر لایەنی دیکە بیکەم، بانگەشە بۆ لیست و کاندیدەکانی خۆم دەکەم."

هه‌روه‌ها گوتى: "کاتی خۆی کە بزوتنەوەی گۆڕان دروستبوو جەنابی مام جەلال لە ژیاندا بوو، رێگەی نەدا ماڵ و موڵکی یەکێتیان لێوەربگرینەوە. ئێمە کە لەوانمان وەرنەگرتووە، ئێستا بۆ لەوانی تری وەرگرینەوە، ئەو کەسەش کەوای وت درۆ دەکات، دکتۆر بەرهەم لە سلێمانی لە خانویەک بوو تەسلیمی یەکێتی کردەوە. لە هەولێریش ئەگەر لە خانووی یەکێتی بێت دکتۆر بەرهەم و ئەو کەسانە بایی ئەوە خەباتیان لەناو یەکێتیدا کردووە کە ئەوەندەیان پێ بدرێت."

هەروەها مەلا بەختیار لە بەشێکی گفتوگۆکەدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا ئۆباڵی شکستی ئابووری حکومەتی هەرێمی خستبووە ئەستۆی دکتۆر بەرهەم و وتبووی:"بناغەی شکستی حکومەت دەگەڕێتەوە بۆ بەرهەم، ئەو کاتەی ئەو سەرۆکی حکومەت بوو قەرزێکی زۆری هێنایە سەر ئەم حکومەتە، لە سەردەمی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی بەرهەم سەرمایەدار هەبووە نەک 100% بەڵکو 800% قازانجی کردووە، مەگەر ئەوە تەنها بازرگانانی مادەی هۆشبەر و قاچاغچی فرۆشتنی هێرۆین قازانج بەو ڕێژەیە بکات."

مه‌حموود سەنگاوی لە لێدوانەکەیدا ڕەتیکردەوە حکومەتی هەرێم لە سەردەمی دکتۆر بەرهەمدا تووشی شکست بووبێت و گوتی: "ئەو برادەرەی ئێمە تا تەپڵەسەری درۆی کرد، چونکە لە سەردەمی بەرهەم ساڵحدا خزمەتێکی زۆر بە کوردستان کراوە، بەدەست من نیە بڕۆ خەڵک بدوێنە بزانە چی دەڵێن لەسەر حکومەتەکەی دکتۆر بەرهەم من حەزم دەکرد ئەم کابینانەی تریش خزمەتی خەڵکیان بکردایە تا ببوایە شانازی بۆ ئێمە، بەڵام ئەو سەردەمەی دکتۆر بەرهەم لە حکومەت خزمەتی خەڵکی کردووە یەکێتی بووە و دەبێتە شانازی بۆ یەکێتی."

له‌بارەی ئەوەی دروستبونی لیستەکەی دکتۆر بەرهەم تا چەند کاریگەری لەسەر دەنگەکانی یەکێتی دەبێت؟ مەحموود سەنگاوی وتی"بێگومان کاریگەری دەبێت، چونکە ئەو خەڵکانەی لایەنگری دکتۆر بەرهەمن، لە ئاسمانەوە نەهاتوونەتە خوارەوە، بەڵکو زۆربەی لایەنگرەکانی لە سنوری دەسەڵاتی یەکێتیدان."

مەحموود سەنگاوی جەختیکردەوە، "دکتۆر بەرهەم قەت کێشە نەبووە لەناو یەکێتیدا، بەڵکو ئەو برادەرانەی ئێمە کێشە بوون، کە ئێستاش دەیانەوێت یەکێتی بچووک بکەنەوە. کێشەکانی یەکێتی هەمووی لەسەر دەسەڵاتە هیچ کێشەیەکی فکریمان نیە."

سه‌باره‌ت به‌ كۆنگره‌ى يه‌كێتيش، سه‌نگاويى گوتى: "لەبەر کێشە و ململانێی ناوخۆ ناهێڵن کۆنگرە ببەستین، هەرچەندە لە پێشوتردا هەوڵێک هەبوو بۆ بەستنی کۆنگرە، بەڵام چەند کەسێک ڕێگربوون، ئێستا لە کاتێکدا دەیانەوێت کۆنگرە بکەین کە یەکێتی لەبەردەم دوو هەڵبژاردنە، بۆیە لەم کاتدا هەر دەستکاریەکی ناوخۆی یەکێتی ڕەنگە بە زیانی یەکێتی بێت لە هەڵبژاردنەکان بۆیە ئێمە پێویستە لە دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی(٩)ی کوردستان کۆنگرە ببەستین."

سه‌رچاوه‌: به‌شى كوردى ده‌نگى ئه‌مريكا