بەڤیدیۆ.. تێکدانی ژمارەیەک هۆڵی زێدەڕۆ لە هەولێر

قایمقامی هەولێر: جگە لە لابردنی زێدەڕۆییەکان، ئەو کەسانەش دەستگیردەکرێن کە ئەو کارەیان کردووە

 

K24 - هەولێر

لە هەولێر چەند هۆڵێک کە بەنایاسایی و زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی حکومەت دروستکرابوون، رووخێنران، قایمقامی هەولێر دەڵێ جگە لە لابردنی زێدەڕۆییەکان، ئەو کەسانەش دەستگیردەکرێن کە ئەو کارەیان کردووە.

ئەو هۆڵانەی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 8-7-2020) تێکدران دەکەونە سەر رێگای گەزنە، پشت شارۆچکەی عەنکاوە و نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. سەرەتا شوێنەکەیان زەویی کشتوکاڵی بووە، بەڵام حکومەت پارەی داوەتە خاوەن موڵکەکان و زەوییەکان بوونەتە موڵکی حکومەت.

تیمەکانی لابردنی زێدەڕۆیی سەر بە پارێزگای هەولێر کە لەژێر رێنمایی حکومەتی هەرێمی کوردستان زێدەڕۆییەکان لادەبەن، بە شۆڤڵ ئەو هۆڵە زێدەڕۆییانەیان تێکدا. ئاراس ئەحمەد پەیامنێری کوردستان24 دەڵێ "هۆڵەکان بۆ ئەوە دروستکرابوون بەنایاسایی بکرێنە کارگەی بچووک، ساردخانە و کۆگا".

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر لەو شوێنەوە قسەی بۆ کوردستان24 کرد و گوتی "راستە ئەو زەوییانە کشتووکاڵی بوون، بەڵام بەهۆی فراوانکردنی ماستەرپلانی هەولێر، خاوەنی ئەو زەوییانە قەرەبووکراونەتەوە و بڕی قەرەبووەکەشیان وەرگرتووە، لەوانەیە زەوییەکە بەنایاسایی فرۆشرابێت، یان هەر خاوەنەکانی پێشوو ئەو زێدەڕۆییانەیان کردووە".

قایمقامی هەولێر جەختی کردەوە لەوەی "پارێزبەندی بۆ هیچ کەسێک نەکراوە و ئێمە بەپێی یاسای ژمارە سێی ساڵی 2018 کاردەکەین، هەرکەسێک زێدەڕۆیی بکات، بەپێی ئەو یاسایە بەند دەکرێت و زێدەڕۆییەکە هەڵدەگیرێت، جا لە هەر پلە و پایەیەک بێت".

هەڵمەتی لابردنی زێدەڕۆیی لە شارۆچکەی عەنکاوە دەستپێکردووە و بەگوتەی نەبەز عەبدولحەمید " بەردەوام دەبێت، هەتاوەکو هەر زێدەڕۆییەکی نوێ هەبێت، لەبەرئەوەی ئەوەی کۆن دروستکراوە، بەپێی یاسایەک چارەسەر دەکرێت و چەند لیژنەیەکیشی بۆ پێکهێنراوە، بەڵام ئەوەی بەدەر لەو یاسایە بێت، ئیجرائاتی لەگەڵدا دەکەین و زێدەڕۆییەکان هەڵدەگیرێن".

 

 

هـ.ر.