یه‌كێتیی گشتی نووسه‌ران و رۆژنامه‌نووسانی كورد له‌ سووریا هێرشی په‌كه‌كه‌ بۆ سه‌ر پێشمه‌رگه‌ شه‌رمه‌زار ده‌كات

یه‌كێتیی گشتی نووسه‌ران و رۆژنامه‌نووسانی كورد له‌ سووریا: نه‌خێر بۆ شه‌ڕی دژ به‌ هه‌رێمی كوردستان

K24- هه‌ولێر:

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا نووسینگه‌ی جێبه‌جێكاری یه‌كێتیی گشتی نووسه‌ران و رۆژنامه‌نووسانی كورد له‌ سووریا هێرشه‌كانی په‌كه‌كه‌ی بۆ سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و ده‌ستوه‌ردانی له‌ كاروباری ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان شه‌رمه‌زار كرد و دووپاتی كرده‌وه‌، بۆ خۆدزینه‌وه‌ له‌ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركه‌كه‌ی له‌ كوردستانی توركیا "باكووری كوردستان"، په‌كه‌كه‌ په‌لاماری پارچه‌كانی دیكه‌ ده‌دات و هه‌وڵی خۆسه‌پاندن ده‌دات.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی یه‌كێتیی گشتی نووسه‌ران و رۆژنامه‌نووسانی كورد له‌ سووریا:

نووسینگه‌ی جێبه‌جێكاری یه‌كێتی گشتیی نووسه‌ران و رۆژنامه‌نووسانی كورد به‌ نیگه‌رانییه‌كی گه‌وره‌وه‌ چاودێری دۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و ناوچه‌ كوردستانیانه‌ ده‌كات كه‌ به‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ناوده‌برێن، به‌هۆی ئه‌و ده‌ستوه‌ردانه‌ چه‌كدارییه‌ راسته‌وخۆیه‌ی هێزه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان له‌ كاروباری ناوخۆی هه‌رێم، كه‌ به‌و ده‌ستوه‌ردانه‌ پێشێلی یاسا و رێسا و سه‌روه‌ری دراوسێیه‌تی و تایبه‌تمه‌ندی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان ده‌كات، باج ده‌خاته‌ سه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌ی، به‌شێكیان چه‌كدار ده‌كات، به‌هێز رووبه‌رێكی فراوانی خاكی هه‌رێمی كوردستان كۆنترۆڵ ده‌كات و كێشه‌ و دووبه‌ره‌كێ له‌ نێوان رۆڵه‌كانی ئه‌و ناوچانه‌ دروستده‌كات، ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ی پێدانی پاره‌ به‌ هه‌وادارانیان یانیش ئه‌و بێویژدانانه‌ی هه‌ر له‌ سه‌رده‌می رژێمی دیكتاتۆریه‌تی عێراقه‌وه‌‌ تا حكومه‌ته‌كانی ئێستاش ئه‌جێندای و په‌یوه‌ندییان به‌ حكومه‌ته‌كانی به‌غداوه‌ هه‌بووه‌ و ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌رێگه‌ی به‌كارهێنانی تۆقاندنه‌وه‌ به‌لای خۆیاندا رایكێشاون.

له‌كاتێكیشدا كه‌ گوێبیستی ئه‌و هه‌واڵانه‌ ده‌بین كه‌ باس له‌ هێرشه‌كانی سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن له‌لایه‌ن هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌وه‌ و شه‌هیدكردنی ژماره‌یه‌كیان له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و هێزانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی سنوور هاتوونه‌ته‌ ناو هه‌رێمی كوردستان، كه‌ خزمه‌تی پلانه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كانی ناوچه‌كه‌ بۆ سڕینه‌وه‌ی كورد له‌سه‌ر شانۆی جوگرافیا ده‌كات، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌رێگه‌ی ئه‌زموونی هه‌رێمه‌وه‌ بوونی خۆی سه‌لماندووه‌ و بووه‌ته‌ خاڵی گه‌شاوه‌ له‌ ته‌واوی ناوچه‌كه‌ و رۆڵێكی كوردستانی گه‌وره‌ی گێڕاوه‌، ته‌نانه‌ت له‌ خزمه‌تكردنی په‌كه‌كه‌ و سه‌ركرده‌كه‌شی، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ رۆڵه‌ ئه‌رێنییه‌كه‌ی بۆ كوردانی سووریا، كه‌ به‌ پاڵپشتی نه‌ك ده‌ستوه‌ردان و دوور له‌ هه‌ر عه‌قلیه‌تێكی خۆسه‌پێنه‌ر هاوكارییان كردوون.

ئه‌ركی ئێمه‌ وه‌ك رۆشنبیرانی راسته‌قینه‌ كه‌ په‌رۆشی خه‌ڵكی خۆمانین له‌ سه‌رجه‌م پارچه‌كانی كوردستان، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌بێ پێچ و په‌نا، یان ترسه‌وه‌ په‌نجه‌ له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌ی ئه‌و فیتنه‌یه‌ دابنێین، كه‌ بانگه‌شه‌ی شه‌ڕ له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، چونكه‌ ئێمه‌ دڵنیاین كه‌ گه‌لی كوردمان له‌ ته‌واوی پارچه‌كانی كوردستان عه‌قلیه‌تی خۆسه‌پێنه‌ر و شه‌ڕی براكوژی ره‌ت ده‌كاته‌وه‌. له‌كاتێكیشدا ئه‌و شه‌ڕه‌ كه ‌له‌لایه‌ن دژبه‌رانی كورده‌وه‌ پلانڕێژی بۆ كراوه‌، ته‌واوكاری پلانی داگیركردنی كه‌ركووك، عه‌فرین، سه‌رێ كانیێ و گرێ سپییه‌. ئێمه‌ له‌ نووسینگه‌ی جێبه‌جێكار له‌ یه‌كێتی گشتی له‌كاتێكدا ده‌ستوه‌ردانه‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌ كاروباری ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ر به‌شێكی دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ی پارچه‌كه‌ی خۆی شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین، به‌ر له‌ هه‌موو شتێكیش داوا له‌ په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ین گرنگی به‌ پارچه‌ كوردستانییه‌كه‌ی خۆی بدات و خۆی له‌ ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری ناوخۆی پارچه‌كانی دیكه‌ به‌دوور بگرێت، ته‌نیا ئه‌و كاته‌ نه‌بێت كه‌ خه‌ڵكی سنوورێكی دیاریكراو داوای هاوكاریی لێ بكات، وه‌ك چۆن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ كۆبانی هاوكاری براكانیان له‌ هێزه‌كانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل "یه‌په‌گه‌" كرد و دوای هاوكارییه‌كه‌ی به‌بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌ به‌هێزكردنی پێگه‌كه‌ی له‌و ناوچه‌یه‌ بكاته‌وه‌، بڕیاری كشانه‌وه‌ی دا، هه‌روه‌ك چۆن عه‌قلیه‌تی په‌كه‌كه‌یی پێچه‌وانه‌كه‌ی ده‌كات و سه‌روه‌ری هه‌رێم و هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌كان ره‌ت ده‌كاته‌وه‌ و پشت له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی خۆشی ده‌كات، له‌كاتێكدا رووبه‌ری كوردستانی توركیا چه‌ندجاره‌ی رووبه‌ری پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستانه‌ و ژماره‌ی دانیشتوانی به‌ 25 ملیۆن كورد مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت.

پێویسته‌ سه‌ركردایه‌تی پارتی كرێكارانی كوردستان گیانی برایه‌تیی كوردستان به‌هێز بكات و ده‌ست له‌و عه‌قلیه‌ته‌ ماوه‌به‌سه‌رچووه‌ هه‌ڵگرێت كه‌ دژی برایه‌تییه‌ و ده‌ست له‌و كێشه‌ و فیتنانه‌ش هه‌ڵگرێت‌ كه‌ له‌ زیاتر له‌ پارچه‌یه‌ك خولقاندوویه‌تی، بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌ ئه‌ركه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر پارچه‌ كوردستانییه‌كه‌ی بدزێته‌وه‌.

به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی عێراقین

نه‌خێر بۆ جه‌نگی دژ به‌ هه‌رێم

نه‌خێر بۆ ده‌ستوه‌ردانی هیچ لایه‌نێك له‌ كاروباری ئه‌وانی دیكه‌

نووسینگه‌ی جێبه‌جێكار

یه‌كێتیی گشتی نووسه‌ران و رۆژنامه‌نووسانی كورد له‌ سووریا

H.B