بۆ ھەڵبژاردنی پارێزگاكان بڕیارێك دژی كوردانی كەركووك دەدرێت

بەشێك لە دەنگدەرانی كوردی كەركووك لە دەنگدان بێبەش دەبن
kurdistan24.net

K24 - كه‌ركووك:

تاکو ئێستا لەسەدا 67ی ناوی ھاووڵاتیانی کەرکووك کە کارتی دەنگدانیان وەرگرتبوو، ناوەکانیان نێردراون بۆ بەغدا بەمەبەستی وردبینیکردن لەتۆماری دەنگدەران، ھەر ھاووڵاتیيەکی کەرکووك ناوەکەی لەگەڵ فۆرمی خۆراك و ناسنامەی باری شارستانی بەراورد دەکرێت ئەگەر کەرکووك ھەردووکی بوون، ئەوکات مافی دەنگدانی دەبێت، بەو پێیەش بێت به‌شێك لە ھاووڵاتیان کە ھێشتا ناسنامەکانیان کەرکووك نیيە و خەڵکی شارەکەن بێبەش دەبن لەدەنگدان.

ھەموو ئەو ھاووڵاتیانەی کە ڕوو لە بنکەکانی کۆميسیۆن دەکەن، کارتێكیان پێدەدرێت کە ئیدی دەبنە دەنگدەرێکی کەرکووکی، بەڵام ئێستا ھەموو ئەو کەسانەی کە کارتەکە وەردەگرن ناوەکانیان دەنێردرێتە بەغدا بۆ وردبینیکردن لە تۆماری دەنگدەران.

حکوومەتی عێراق، لێژنەیەکی پێکھێناوە، کە کۆميسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانیشی تێدایە، دەبێت لەماوەی 60 ڕۆژدا وردبینی لە تۆماری دەنگدەران تەواو بکەن.

بەڵام پێکھێنانی ئەو لێژنەیە لای یەکێتی ڕەتکراوەیە، چونکە رەخنەیان لەوەیە کە سەرجەم ئەندامانی لێژنەکە لە نەتەوەی عەرەبن و نوێنەری ماددەی 140يش لە لێژنەکە نیيە.

بڕیار دراوە کە مانگی نیسانی ساڵی 2020، لەسەرجەم پارێزگاكانی عێڕاق بە کەرکووکیشەوە، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی تێدا ئەنجامبدرێت، بەڵام ھەوڵێکی زۆریش ھەیە بۆ دواخستنی ئەو ھەڵبژاردنە.

ئ. م