"خانه‌قین كوردستانیه‌تی خۆی سه‌لمانده‌وه‌‌"

پارتی: داوای خەڵكی خانه‌قین داوایەكی رەوا و سروشتیە .. پێشمه‌رگه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ خانه‌قین

K24- هه‌ولێر:

سه‌باره‌ت به‌ مانگرتنه‌كه‌ی خه‌ڵكی خانه‌قین، كه‌ ماوه‌ی دوو رۆژه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بۆ سنووری ده‌ڤه‌ره‌كه‌یان ده‌ستیان به‌و چالاكییه‌ كردووه‌، ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كه‌ركووك - گه‌رمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا پشتگیری و هاوسۆزی خۆی بۆ ئه‌و مانگرتنه‌ى جه‌ماوه‌ری خانه‌قین راگه‌یاند.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كه‌ركووك - گه‌رمیانی پارتی دیموكراتی كوردستاندا هاتووه‌، "خانه‌قین كوردستانیەتی خۆی سەلماندەوە، ‎ماوەی دوو رۆژە خەڵكی سەربەرزی خانه‌قینی كوردستانی لە هەموو چین وتویژەكان مانیان بۆ گەرانەوەی پێشمەرگە و گەرانەوەی شكۆ بۆ ئەو دەڤەرە گرتووە".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا جه‌خت كراوه‌ته‌وه‌، "ئیمە لە ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركووك - گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەهەموو شێوەیەك پشتگیریان دەكەین و وەك هەمیشە دەنگمان لەگەڵ دەنگی خەڵكی خانه‌قینی سەربەز و شورشگێر دەبێت، ئەو هەڵۆێستە مەردانە و كوردانە بەرز دەنرخێنین و بەهیوای بەردەوامی لەم مانگرتنە، چونكە داوای خەڵكی خانه‌قین داوایەكی رەوا و سروشتیە و هەموو ستەم و داگیركاریەك رەت دەكەنەوە".

ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كه‌ركووك - گه‌رمیانی پارتی دووپاتیكرده‌وه‌، "ئەو ستەم و زوڵمە بەردەوامی نابێت و كۆتایی پێ دێت و خانه‌قین و خەڵكی خانه‌قین وەك پێشوو بە پارەیزه‌ری خاك و نیشتمان و ناسنامەی میلەتەكەمان "پێشمەرگە" شاد دەبنەوە و لە ژێر چەتری پێشمەرگە بە ئارامی و ئاسوودەیی ژیان ده‌گوزه‌رێنن".

له‌ كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌شدا ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی هیوای به‌رده‌وامی و سه‌ركه‌وتنی بۆ ئه‌و چالاكییه‌ی خه‌ڵكی خانه‌قین خواست‌ و به‌ هه‌ڵوێستێكی سه‌ربه‌رز و جوان وه‌سف كرد.

دوای رووداوه‌كانی 16ی ئوكتۆبه‌ر و هێرشی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق، خانه‌قینیش كه‌ له‌ رووی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر به‌ پارێزگای دیاله‌یه‌ و، یه‌كێكه‌ له‌و ناوچه‌ كودستانیانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، كه‌ پێشمه‌رگه‌ لێی كشایه‌وه‌ و له‌لایه‌ن ئه‌و هێزانه‌وه‌ كۆنترۆڵ كرا، وه‌ك خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه‌ دووپاتی ده‌كاته‌وه‌، له‌و ماوه‌یه‌دا حه‌شدی شه‌عبی چه‌ندین پێشێلكاری و سته‌م و زۆرداری له‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ كردووه‌، وێڕای هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌تی عێراق و حه‌شدی شه‌عبی بۆ ته‌عریبكردنی ئه‌و ناوچه‌یه‌.

H.B