رێککەوتن لەسەر نەخشەی گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکان کرا

شاندی وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی پێشمەرگە رێککەوتن

K24 – هه‌ولێر:

ئەمڕۆ دوو شەممە 15/04/2019، ھەردوو لیژنەی باڵای وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە لە شاری ھەولێر دەربارەی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان كۆبوونەوە و گەشتنە رێککەوتن.

جەمال ئیمنكی سوپاسالاری پێشمەرگە لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند: "لیژنەكان روپێوییەکیان لە خانەقین تا رۆژئاوای دیجلە كردووە".

 راشیگەیاند: "دوای تەواو بوونی كارەكان، نەخشە و شوێنی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە روونی دیاریكراوە".

ئەم هەنگاوەی نێوان هەولێر و بەغدا، یەکەم هەنگاوی کردەییە بۆ گەڕانەوەی هێزەکای پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و پێشبینی دەکرێت چەند رێکار و کۆبوونەوەیەکی دیکەی بە دوادابێت.

لە دوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر، هێزە جیاوازە عێراقییەکان تاکلایەنانە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەڕێوە دەبەن و ئەمەش مافی پێکهاتەکان و ئەمنییەتی ئەو ناوچانەی خستووەتە مەترسییەوە، بەڵام لە ئێستادا هەوڵێک هەیە هێزەکانی پێشمەرگە بەشێوەیەکی نەخشە بۆ داڕێژراو بگەڕێنەوە هەندێک لەو ناوچانە.

H.J