سائیروونی سه‌در ده‌كه‌وێته جووڵه
K24 - هه‌ولێر:
رائید فه‌همی، ئه‌مینداری گشتی حزبی شیوعی عێراق ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 17/5/2018 رایگه‌یاند: "هاوپه‌یمانی سائیروون كه موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در پاڵپشتی ده‌كات، به ئامانجی درووستكردنی لیستی زۆرینه‌ی ناو په‌رله‌مان بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی ده‌ستی به جووڵه كردووه و له‌گه‌ڵ هێزه سیاسییه‌كان كۆده‌بێته‌وه".
فه‌همی كه حزبه‌كه‌ی له رێگه‌ی سائیروونه‌وه دوو كورسی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی مسۆگه‌ر كردووه به رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌تی گوتووه "ئه‌وه‌ی به‌لای ئێمه‌وه گرنگه و پێش هه‌ر شتێك بیری لێده‌كه‌ینه‌وه به‌رنامه‌ی حكومه‌ته پێش ئه‌وه‌ی بچینه ناو هه‌ر ورده‌كارییه‌كی په‌یوه‌ست به پێكهێنانی حكومه‌ته‌وه. پێشتر به‌گوێره‌ی پشكپشكێنه كار بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت كراوه، پێكهێنانی حكومه‌ت دواده‌كه‌وت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كێ ئه‌م پۆسته‌ی هه‌بێت و كێ ئه‌وه‌ی هه‌بێت. به‌ڵام ئه‌مجاره ئه‌وه‌ی به‌لامانه‌وه گرنگه پرۆژه و به‌رنامه‌ی حكومه‌ته كه ده‌بێت سه‌ره‌تا له‌سه‌ری رێكبكه‌وین".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "سائیروون ده‌ستی به جووڵه كردووه به ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م هێزه سیاسییه جیاوازه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی دیدگایه‌كی هاوبه‌ش بدۆزرێته‌وه‌و بكرێته بنه‌مای دانووستانه‌كان، چونكه هێشتا به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێكدا ده‌ستمان به گفتوگۆ نه‌كردووه، به‌ڵام ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی تا ئێستا كراوون هانده‌رێكی باشن".
ده‌رباره‌ی تێڕوانینی ناو هاوپه‌یمانێتی سائیروون به‌رامبه‌ر خه‌ڵكه مه‌ده‌نی و ئیسلامییه‌كه، فه‌همی ده‌ڵێت: "ئه‌وانی دیكه ده‌یانویست گره‌و له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نه بكه‌ن و هه‌ڵمانوه‌شێننه‌وه، به‌ڵام سائیروون سه‌ره‌تا به‌رنامه و پرۆژه‌ی ئاماده‌كردووه و بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كانه نه‌ك بۆ پشك و به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌م و ئه‌و، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردووه ئه‌و كوتله‌یه دوور بێت له كاریگه‌ری و مه‌ترسی هه‌ڵوه‌شانه‌وه".
هاوپه‌یمانی سائیروون له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كه رۆژی 12/5/2018 به‌ڕێوه‌چوو زۆرترین كورسی به‌ده‌ستهێناوه‌و براوه‌ی یه‌كه‌مه.